بەدوواداچوونێک سەبارەت بە وردەکارییەکانی سەرکوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە مەریوان

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەگوێرەی لێدوانی شایەتحاڵان و سەرچاوەکانی لە مەریوان هەستاوە بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک بۆ بەدوواداچوون لەبارەی وردەکارییەکانی سەرکوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لەو شارەدا.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی بەدەست گەیشتوون، خۆپیشاندانەکانی شاری مەریوان لە ڕۆژی شەممەی هەفتەی ڕابردوو ٢٥ی خەزەڵوەر / ١١.١٦ ەوە بەشێوەی هێمنانە دەستیپێکرد و پاش پەلاماری هێزە ئەمنییەکان بۆسەر خۆپیشاندەران بەرە توندوتیژی پاڵ پێوە نرا.
خۆپیشاندەران وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هێرش و تەقەی هێزە ئەمنییەکان بە هەڵدانی بەرد بەرگرییان لە خۆیان کرد و دەرگا و پەنجەرەکانی بانکەکانیان شکاند.
لەو سەروبەندەدا هێزە ئەمنییەکان هەوڵیانکوتاوەتە سەر لقی “زرێبار”ی بانکی میلـلی و ئاگریان داوە. کارمەندێکی بانکەکە بەرامبەر بەو کردەوەیەی هێزە ئەمنییەکان ناڕەزایی دەربڕیوە کە دراوەتە بەر لێدانی ئەو هێزانە و پاشان دەستبەسەرکراوە. دەگوترێت کە ئەو هاوڵاتییە تا ڕۆژی ڕابردوو ٤ی سەرماوەز / ١١.٢٥ دەستبەسەر بووە و بە دانانی بارمتە ئازادکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەموو خوێندنگاکانی شاری مەریوان لە ڕۆژەکانی شەممە، یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی ڕابردوودا و باخچەکانی منداڵان و خوێندنگا سەرەتاییەکان لە هەموو ڕۆژەکانی هەفتەی ڕابردوو داخراو بوون.
هەروەها دەگوترێت کە بەسیجی مەریوان لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی هەفتەی ڕابردوودا هەستاوە بە کۆکردنەوەی خوێندکار و ژنە بەسیجییەکان و لە ناوەندی شاردا جێگیری کردووەن، ئەو کردەوەیەش بە مەبەستی تۆقاندن و ترساندنی هاوڵاتیان ئەنجام دراوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا لانیکەم منداڵێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە. هەروەها هەرزەکارێکی دیکە بەناوەی “ئاروین ڕامین” کە پێشتر ڕاگەیەندرابوو بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان لە دەستبەسەرگەدا چووەتە حاڵەتی کۆماوە، گیانی لە دەستداوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە نەیتوانیوە هەواڵەکە پشتڕاست بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی جیاواز لە مەریوان بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دووا و گوتی: “دەستبەسەرکراوەکان بەشەودا بۆ حەوشەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، فەرمانگەی ئیتلاعات و بڕیارگەی ناوەندیی هێزە سەربازییەکانی ئەو شارە دەگوازرێنەوە و شێوەگەلی جیاواز ئەشکەنجە دەدرێن”.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان سۆندەی ئاوی سارد دەگرنە دەستبەسەرکراوەکان و لێیان دەدەن. هەروەها بەهۆی کەمبوونی جێگە لە دەستبەسەرگەکانی مەریواندا، ژمارەیەکی زۆری دەستبەسەرکراوەکان بۆ دەستبەسەرگەکانی شاری سنە بەڕێکراون.
سەرچاوەکان لە مەریوان باس لە بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیان لەو شارە دەکەن. هەروەها سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ یەکە تایبەتەکانی پۆلیس لە ناو شاردا نەبینراون، بەڵام هێشتا هێزە ئەمنییەکان بەجلوبەرگی مەدەنییەوە لەناو شاردان.
بۆکان؛ ئازاد محەمەدیان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەرکرا

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ئێوارەی ڕۆژی ٣ی سەرماوەز / ١١.٢٤ دکتۆر ئازاد محەمەدیان، وتەبێژی بەرەی یەکگرتووی کورد لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەرکراوە.
دەگوترێت کە ئەو هێزانە پاش دەستبەسەرکردنی ئازاد محەمەدیان چوونەتە ماڵەکەی و پاش پشکنینی ماڵەکە دەستیان بەسەر هەندێک کەلوپەلی شەخسیی وەک لاپتۆپ و کتێبەکانی دا گرتووە.
جێگەی ئاماژەیە کە پاش دەستبەسەرکرانی ئەو هاوڵاتییە، بەرەی یەکگرتووی کورد بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بەرامبەر بە دەستبەسەرکرانی ئەو ئەندامەیان و پێکهاتنی کەشی ئەمنی لە شارەکانی کوردستان ناڕەزایی دەربڕی.
بەرەی یەکگرتووی کورد لە ساڵی ١٣٨٤ / ٢٠٠٥ بە هاوکاریی ژمارەیەک لە چالاکوانانی سیاسی و کلتوریی کورد دامەزراوە و “پێشخستنی پەرەی ئابوری و کۆمەڵایەتی”، “دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک” و “بەرەنگاربوونەوە دژی جیاکاری”ی وەک ئامانجەکانی خۆی ڕاگەیاندووە.