به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، سه‌رله‌به‌یانیی ئەمڕۆ، ١٧ی سه‌رماوه‌ز، حوكمی ئێعدامی به‌ندكراوێكی لاو به‌ ناوی كه‌مال ئه‌سغه‌ری كه‌ پێشتر به‌ تۆمه‌تی كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست سزای لەسێدارەدان (قه‌ساسی نه‌فس)ی بۆ دەرچووبوو، له‌ زیندانی مه‌هاباد جێبەجێ کرا.

ئه‌م به‌ندكراوه‌ كه‌ خه‌ڵكی مه‌هاباده‌ له‌ خه‌رمانانی ١٣٩٦دا له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی دیكه‌ به‌ ناوه‌كانی دانیال دیوانی‌ئازه‌ر و دانیال زه‌ینه‌لعابدین به‌ تۆمه‌تی كوشتنی سادق به‌رمه‌كی ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و له‌ لایه‌ن دادگای كه‌یفه‌ریی مه‌هاباده‌وه‌ سزای ئێعدامیان به‌ سه‌ردا سه‌پا. ئه‌م حوكمه‌ له‌ گه‌ڵاڕێزانی ١٣٩٧دا له‌ لقی ٣٧ی دادگای باڵای ئێران وەک خۆی‌ په‌سه‌ند كرایەوە. 

دانیال زه‌ینه‌لعابدین کە یه‌كێك بوو له‌ تۆمه‌تبارانی ئه‌م دۆسیه‌یە و‌ له‌ كاتی ده‌ستبه‌سه‌رکردندا ته‌مه‌نی لە ژێر ١٨ ساڵەوە بوو، مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵ و لە نێو تێکهەڵچوونەکەی ئەوکاتی زیندانی مه‌هاباددا، لە لایەن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ زیندانەوە کەوتە ژێر ئه‌شكه‌نجه‌یەکی زۆرەوە و گیانی له‌ ده‌ست دا. 

ده‌وترێ یه‌كێكی‌تر له‌ تۆمه‌تبارانی ئه‌م دۆسیه‌یە بە ناوی‌ دانیال دیوانی‌ئازه‌ر گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ زیندانی میاندواو و ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٩ی سه‌رماوه‌ز وەک بەرواری جێبەجێکردنی حوکمەکەی دیاری كراوه‌.