به‌ پێی زانیارییه‌كانی توڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، سه‌ر له‌ به‌یانیی ئه‌مڕۆ، ١٩ی سه‌رماوه‌ز، حوكمی ئێعدامی دانیال دیوانی ئازه‌ر خه‌ڵكی مه‌هاباد كه‌ پێشتر به‌ تۆمه‌تی كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ستی سادق به‌رمه‌كی سزای له‌ سێداره‌دان(قه‌ساسی نه‌فس)ی بۆ ده‌رچووبوو له‌ زیندانی میاندۆئاو جێبه‌جێ كرا. 

پێشتر له‌ ڕێكه‌وتی ١٧ی سه‌رماوه‌زدا، حوكمی ئێعدامی تۆمه‌تبارێكی دیكه‌ی ئه‌م دۆسیه‌ به‌ ناوی كه‌مال ئه‌سغه‌ری، ٢٣ ساڵان له‌ زیندانی مه‌هاباددا جێبه‌جێ كرا بوو. 

دانیال دیوانی ئازه‌ر له‌ خه‌رمانانی ١٣٩٦دا له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی دیكه‌ به‌ ناوه‌كانی دانیال دیوانی‌ئازه‌ر و دانیال زه‌ینه‌لعابدین به‌ تۆمه‌تی كوشتنی سادق به‌رمه‌كی ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و له‌ لایه‌ن دادگای كه‌یفه‌ریی مه‌هاباده‌وه‌ سزای ئێعدامیان به‌ سه‌ردا سه‌پا. ئه‌م حوكمه‌ له‌ گه‌ڵاڕێزانی ١٣٩٧دا له‌ لقی ٣٧ی دادگای باڵای ئێران وەک خۆی‌ په‌سه‌ند كرایەوە.

دانیال زه‌ینه‌لعابدین کە یه‌كێك بوو له‌ تۆمه‌تبارانی ئه‌م دۆسیه‌یە و‌ له‌ كاتی ده‌ستبه‌سه‌رکردندا ته‌مه‌نی لە ژێر ١٨ ساڵەوە بوو، مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵ و لە نێو تێکهەڵچوونەکەی ئەوکاتی زیندانی مه‌هاباددا، لە لایەن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ زیندانەوە کەوتە ژێر ئه‌شكه‌نجه‌یەکی زۆرەوە و گیانی له‌ ده‌ست دا.