سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له دۆسیه‌ی حوسێن كه‌مانگه‌ر له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕایگەیاند کە بارمته‌ی قورسی ١٥ میلیارد تمه‌نی بۆ ئازادکردنی ناوبراو دیاری کراوە، ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره قورسه له لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای شۆڕشی سنه‌وه له حاڵێكدا ڕوو ده‌دات كه ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه له كاتی ده‌ستبه‌سه‌ربوونه‌وه، واته له ١٥ی به‌فرانباری ١٣٩٧وە تاكوو ئێستا، له زیندانە و دۆسیەکەی یەکلایی نەکراوەتەوە.
له ڕێكه‌وتی ١٦ی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵدا كۆبوونه‌وه‌ی دادگای ناوبراو به تۆمه‌تی «به‌غی» له ڕێگای ئه‌ندامبوونەوە له یه‌كێك له حیزبه ئۆپۆزیسیۆنه كوردییەكاندا، له لقی یه‌كی دادگای شۆڕشی سنه به سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر سه‌عیدی به‌ڕێوه چوو. دادوه‌ر سه‌عیدی به كه‌مانگه‌ری ڕاگه‌یاندووه كه به‌پێی ئاراسته‌كردنی ڕاده‌ی زۆری كاره‌كان له لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه‌وه، دادگاییكردنی ناوبراو له‌وانه‌یه له دوو كۆبوونه‌وه‌دا به‌ڕێوه بچێت.
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یە، سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی به‌ڵگه و نیشانه‌ی جیدی دژی ئه‌م زیندانییه سیاسییه، ئیداره‌ی ئیتلاعاتی كامێران له چه‌ند مانگی ڕابردوودا به بانگهێشتكردن و گوشارخستنە سه‌ر چالاكانی پێشتر ده‌ستبه‌سه‌ركراوی ئه‌م شاره، به نیاری دروستكردنی سیناریۆیه دژی ئه‌م زیندانییه سیاسییه.
حوسێن كه‌مانگه‌ر له ڕێبه‌ندانی ساڵی پاره‌وه تا هه‌نووكه ته‌نیا یه‌ك جار توانیویه‌تی چاوی به بنه‌ماڵه‌کەی بكه‌وێت، به‌رپرسانی زیندان له دوایین مانگه‌كانی ساڵی ڕابردووەوە هه‌موو دیدارێكی ڕوبه‌ڕوو و كابینییان له‌م زیندانه قه‌ده‌غه كردووه.
ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌م چالاكە مه‌ده‌نییه كورده له به‌فرانباری ١٣٩٧دا، هاوکات بوو له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی شه‌پۆلێکی به‌ربڵاوی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی چالاكانی مه‌ده‌نی و ئه‌ندامانی لقی كوردستانی حیزبی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی له شاره‌كانی سنه، كامێران و مه‌ریواندا. تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان پێشتر به بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرتێك باسی له ئه‌گه‌ری دۆسیه‌سازی و تاوانسازیی ڕێكخراوه ئه‌منییه‌كان بۆ ئەم کەسانە کردبوو.
هێزه ئه‌منییه‌كان دوای ده‌ستبه‌سه‌ركردنی حوسێن كه‌مانگه‌ر بۆ ماوه‌ی چه‌ندین مانگ ناوبراویان له مافی چاوپێکەوتن و پێوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی بێبەش کردبوو. له مانگی جۆزه‌ردانی ساڵی پاردا، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگه‌یاندبوو ئه‌م بێبەشکردنە بۆ گۆشارخستنە سەر ناوبراو بووە تاکوو مەجبووری بکەن هاوكارییان لەگەڵ بکات و لە چاوپێكه‌وتنێکی تەلەڤیزیۆنیشدا دان بەو شتانەدا بنێ کە ئەوان دەیانەوێ.
هه‌روه‌ها له‌م ماوه‌یه‌دا “نه‌سرین نه‌قدی و ناهید كه‌مانگه‌ر”، هاوسه‌ر و منداڵی ئه‌م چالاكه كورده، چەندەها جار له لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی كامێرانه‌وه بانگهێشت کراون و كه‌وتوونه‌ته ژێر لێپرسینه‌وە.
له درێژه‌ی گۆشاره‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتدا له‌سه‌ر ئه‌م چالاكوانه كورده، “بورهان كه‌مانگه‌ر”، خوشكه‌زای ناوبراو و یه‌كێك له ئه‌ندامانی كۆڕی موزیكی «كۆڕاڵ»ی شاری كامێران، له ڕێكه‌وتی ١٥ی گه‌لاوێژدا ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. ناوبراو ڕۆژی ١ی ڕەزبەر پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی کامێران بەڕێ کرابوو و لە ئەنجامدا ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەر بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
بورهان كه‌مانگه‌ر له ڕێكه‌وتی ١١ی خه‌زه‌ڵوه‌ردا له لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای ئینقلابی سنەوە به سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر سه‌عیدی، به تۆمه‌تی «ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک)» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئه‌م حوكمه دوای تانەلێدان، له دادگای پێداچوونه‌وه‌دا كه‌م كرایه‌وه بۆ دوو ساڵ زیندان. ناوبراو له ٢٨ی ڕه‌شه‌مه‌ی ساڵی ڕابردوودا بۆ جێبەجێکردنی سزای دوو ساڵه‌كه‌ی ڕه‌وانه‌ی زیندانی سنه كرا.
حوسێن كه‌مانگه‌ر له ڕێكه‌وتی ١٩ی گه‌لاوێژدا له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی كامێرانه‌وه بۆ زیندانی ئه‌م شاره گوێزرایه‌وه، سه‌رەڕای گواستنه‌وه‌ی ناوبراو بۆ زیندانی كامێران، تا هه‌نووكه چه‌ندین جار بۆ لێپرسینه‌وه‌ی دووبارە ڕه‌وانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعات كراوەتەوە.
رۆژی ٢٣ی ڕەزبەر، سەرەڕای ئەوەی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بۆ حوسێن کەمانگەر، چالاکوانی کورد، دابین کرابوو تاكوو بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێت، بەڵام لە دواساتەکاندا ئیتلاعاتی سنە دەست لە کاروباری دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێران وەردەدات و ئازادبوونی کاتیی ناوبراو هەڵوەشایەوە و ڕاگه‌یەنرا کە ئەم چالاکڤانە کوردە نابێ ئازاد بکرێت.