تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

به‌ندكراوان بۆکان

به‌ندكراوێك مانی له‌ خواردن گرت

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/2021/05/23/news-ku/prisoners-ku/10357

به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، میكاییل موعینی به‌ندكراوی خه‌ڵكی بۆكان، به‌ مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌ ئاست ‌زیادكردنی بڕی ئه‌و بارمته‌ی بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی كاتیی ده‌ستنیشان كرابوو، له‌ ڕێكه‌وتی ٢٦ی گوڵانه‌وه‌ (١٦ی مه‌ی)، مانی له‌ خواردن گرتووه‌.

ناوبراو ساڵی ڕابردوو به‌ دانانی بارمته‌ی ١٥٠ میلیۆن ته‌مه‌نی مۆڵه‌تی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی كاتیی پێ درابوو، به‌ڵام چه‌ند مانگێک لەمەوپێش به‌ ده‌ستووری دادوه‌ری چاودێری زیندانی بۆكان بڕی بارمته‌كه‌ی زیاد كرا بۆ ٣٠٠ میلیۆن و ئه‌م به‌ندكراوه‌ مۆڵەتی کاری دەرەوەی زیندان (رای باز)ی لێ سنرایەوە و گواسترایه‌وه‌ بۆ ناو زیندان. ئه‌م به‌ندكراوه‌ ٢٨ مانگه‌ له‌ زیندانی بۆكاندا به‌ تۆمه‌تی تاوانی ماده‌ سڕكه‌ره‌كان ڕاگیراوه‌ و‌ حوكمی پێنج ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌.

ناوبراو پێشتریش له‌ خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵدا بۆ ماوه‌ی هه‌شت ڕۆژ مانی لە خواردن گرت و دوای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رپرسانی زیندان به‌ڵێنی هاوكاریكردنیان پێ دا، كۆتایی به‌ مانگرتنه‌كه‌ی هێنا.