میکاییل موعینی، زیندانیی خەڵکی بۆکان کە لە ٢٦ی گوڵانەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر زیادکردنی بڕی بارمتەکەیدا بۆ بەهرەمەندبوون لە مۆڵەتی پشوو یان چوونەدەرەوەی کاتی لە زیندان مانی لە خواردن گرتووە، مانگرتنەکەی بەردەوام کردووە. هەروەها زیندانییەکی دیکەیش بە ناوی ئازاد سەعیدی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر ڕاگرتنی دەرفەتی بەهرەمەندبوون لە پشووی کاتی بە دەستووری داواکاری گشتی لە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی جۆزەردانەوە مانی لە خواردن گرتووە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە میکاییل موعینی لە هەژدەیەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا تووشی دابەزینی زەخت و لاوازبوونی باری تەندروستی بووە و ڕۆژی ڕابردوو دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانی زیندان ئامادە نەبووە سێرۆم وەربگرێت و سەرلەنوێ گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو بەند. ناوبراو ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی مۆڵەتی چوونەدەرەوەی کاتیی پێ درابوو، بەڵام لە چەند مانگ لەمەوپێشەوە بە دەستووری داواکاری گشتی بڕی بارمتەکەی کراوەتە ٣٠٠ میلیۆن و هەر بۆیە مۆڵەتی بڕیاری کراوە یان «رای باز»ی لێ سنراوەتەوە و دیسانەوە ڕەوانەی ناو زیندان کراوەتەوە.
میکاییل موعینی لە ٢٨ مانگ لەمەوپێشەوە لە زیندانی بۆکاندایە و بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە سڕکەرەکانەوە حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە. ئەم زیندانییە لە خاکەلێوەی ئەمساڵیشدا بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو کە دوای بەڵێنی ئاسانکاری لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.
هەروەها ئازاد سەعیدییش بە دەستووری داواکاری گشتی لە دەرفەتی پشووی کاتی بێبەش کراوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر ١٤ جار مۆڵەتی چوونەدەرەوەی پێ درابوو. ئەویش بۆ دەربرینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دەستوورەکەی داواکاری گشتیی بۆکاندا لە دوو ڕۆژ لەمەوپێشەوە مانی لە خواردن گرتووە.
ئەم زیندانییە نزیکەی ٧ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە سڕکەرەکانەوە دەستبەسەر کرا و حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.