تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە دەمەوبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی جۆزەردان گرووپێکی کۆڵبەر لە «ملەی تەتە»ی هەورامان کەوتوونەتە بەر تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی ٣٥ ساڵانی خەڵکی مەریوان بە ناوی سۆران قادری بریندار بووە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو هێزەکانی ئەرتەشی تورکیا لە ناوچەی سنووریی ماکۆ تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە کە منداڵێکی کۆڵبەر بە ناوی یووسف فەرجامی خەڵکی گوندی «دێم قەشڵاق» بە قورسی بریندار بووە. ناوبراو لەبەر قورسبوونی برینەکەی ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی تەورێز کراوە.

هاوکات کۆڵبەرێکی تەمەن مامناوەندی بە ناوی وەهبی فەتاحی لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی «شۆشمێ»ی شاری نەوسوودی پارێزگای کرماشان تووشی وەستانی دڵ بووە و گیانی لەدەست داوە. پێشتریش منداڵێکی ئەم کۆڵبەرە بە ناوی ئەشکان فەتاحی لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی «شۆشمێ» بە هۆی تەقینەوەی مینەوە قاچێکی لەدەست دابوو.