تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

هه‌واڵه‌کان ورمێ

ورمێ؛ ڤیان محەممەدی بە بارمتەیەکی قورس ئازاد کرا

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/2021/06/10/uncategorized-ku/10462

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی جۆزەردان، ڤیان محەممەدی، چالاکی مەدەنیی کورد، دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە ئەم چالاکە مەدەنییە كە لە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردانەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوونی خۆیدا مانی لە خواردن گرتبوو، دوای دەرکردنی بڕیاری بارمتە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی جۆزەردان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا. ئەم چالاکە مەدەنییە دوای مانگێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا، ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو.

ڤیان محەممەدی، چالاکی مەدەنی و خوێندکاری لقی بەڕێوەبەری (مدیریت)، لە ڕێکەوتی ١٠ی گوڵانی ئەمساڵدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە ماڵەکەی خۆیان لە تاران دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنییەکەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە پادەگانی ئەلمەهدیی ورمێ.

شایانی باسە فەرامەرز محەممەدی، هاوسەری ڤیان محەممەدی، لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی زیاتر لە ١٢٩ چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکاندا، لە شاری تاران دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە سنە کرا و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی فەرامەرز محەممەدیدا، ویان محەممەدیی هاوسەریشی لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای سنەوە بانگهێشت کرابوو و خرابوویە ژێر لێپرسینەوە.

تاگەکان