لە یەک ساڵی ڕابردوودا و دوابەدوای گواستنەوەی بەندی زیندانییانی سیاسی بۆ بەندێکی سەرووئەمنیی نوێ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئەم زیندانییانە لە دۆخێکی ئیزۆلە و دژواردا ڕاگیراون و لە دوو مانگی ڕابروودیشدا لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لانیکەم ١١ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی کورد بە ناوەکانی حاتەم ئوزدەمیر، سەردار ئوزمەش، ئارام عومەری، وەفا هەناره، ئەنوەر چالشی، ئەشکان عوسماننژاد، دارا ڕەشیدی، تاهیر حسەینزاده، ڕەزا پوورعەبدوڵڵاهی، مەنسوور چووپانی و موختار ئیبراهیمی بە هۆی تووشبوونەوە بە هەندێ نەخۆشیی وەک تۆمۆری مێشک، دیسکی کەمەر (فەقەرات)، هەڵدڕانی تاندۆنی دەست و ئەژنۆ و کێشەی دڵ و گورچیلە پێویستیان بە ڕەوانەکردنی خێرا بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان هەیە، بەڵام لەبەر ناڕەزامەندیی بەرپرسانی زیندان لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراون.
دەوترێت لەبەر ئەوەی کە بەندە تازەکەی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی لە شوێنێکی دوورکەوتە و ئیزۆلە و لە دەرەوەی بینای سەرەکیی زینداندایە، ئەم زیندانییانە مافی ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانەی زیندانیان نییە و هەرتەنها پزیشکی نەخۆشخانەکە چەند جارێک لە مانگدا بۆ پشکنینی پزیشکیی زیندانییە نەخۆشەکان سەردانی ئەو بەندە دەکات.
لە دوو مانگی ڕابردوویشدا پزیشکی نەخۆشخانەکەی زیندان ئامادە نەبووە سەردانی ئەو بەندە بکات و زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکان بەسەر بکاتەوە.
ئاماری بەندە سەرووئەمنییەکەی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ ٤٥ کەسە. لەم بەندەدا چەندین ئامێری پارازیت دانراوە و زیندانییەکان مافی هاتوچۆکردنی بەندەکانی تر و نەخۆشخانەکەی زیندانیان نییە. لە چەند مانگی ڕابردوودا جەلال ڕەحیمپوور، بەرپرسی پاسەوانیی ئەم بەندە، ئازەرنیا، بەرپرسی بەشی پاراستنی زیندان و بەخشی، سەرۆکی زیندان، چەندین جار سەردانی بەندەکەیان کردووە و هەڕەشە و سووکایەتییان بە زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکان کردووە.