لەسەر چارەنووسی دوکتور سەلاح ئەحمەدی، پزیشکی دەرمانسازی خەڵکی بۆکان کە ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خاکەلێوە (٢٠ی ئاوریل) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خاکەلێوە (٢٠ی ئاوریل) دوکتور سەلاح ئەحمەدی، دەرمانساز و خاوەنی دەرمانخانەی دوکتور ئەحمەدی، لەگەڵ یەکێک لە فەرمانبەرانی ئەم دەرمانخانەیەدا بە ناوی سلێمان جاوید، هەر لەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو هێزانە هیچ جۆرە مۆڵەتێکی یاساییان بۆ دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە نیشان نەدابوو.
سلێمان جاوید ئێوارەی ڕۆژی ١ی گوڵان (٢١ی ئاوریل) لە حاڵێکدا کە بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی درابوو، لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی بۆکان ئازاد کرا، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی دوکتور سەلاح ئەحمەدی بەردەست نەکەوتووە.
دەوترێت ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ورمێ کراوە.
دوکتور سەلاح ئەحمەدی لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەی پێ نەدراوە.