ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «حاجی حەسەنی شامات»ی سەر بە شاری میاندواو بە ناوەکانی موحسین قادرڕەش و ئومید قادرنژاد، دوای بانگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەم شارە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، موحسین قادرڕەش و ئومید قادرنژاد لەبەر بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بە تەلەفۆن بانگ کراون بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی میاندواو و لەوێ دەستبەسەر کراون و گوزراونەتەوە بۆ زیندانی ئەم شارە.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا و دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا، دامودەزگا ئەمنییەکان، بەتایبەت دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەران و بەشداربوانی ئەو ڕێوڕەسمانەیان بانگهێشت و دەستبەسەر کردووە.