بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دەمەوبەیانی ئەمڕۆ ٢٧ی پووشپەڕ حوکمی لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی عورووجعەلی ئەسڵ حسەینی و بابەک ئەسڵانی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» حوکمی قەساسی نەفس (ئێعدام)یان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کراوە.

هەروەها مەیسەم سادقی کە لەگەڵ ئەم دوو بەندکراوەدا بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، توانیویەتی دەرفەتێک بۆ دابینکردنی دیە وەربگرێت و هەر بۆیە گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو بەندەکەی.

ئەم سێ زیندانییە ڕۆژی هەینی ٢٥ی پووشپەڕ لە بەندی ٢-١ ـەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون. دوابەدوای گواستنەوەی ئەم ٣ زیندانییە، ژمارەیەک لە زیندانییانی بەندی ٢-١ بە سووتاندنی بەتانییەکانیان بەرەنگاری گاردی زیندان ببوونەوە.