تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی پووشپەڕ (١١ی جولای) لە شاری بانەی پارێزگای کوردستان، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی هاوکات ٨ هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی جەعفەر زەریفی، زانا مێهری، محەممەد مەحموودزادە، ئارام ساڵحپوور، ڕەحمان ساڵحپوور، هادی مەحموودی، مێهدی نەورۆز و ئەحمەد حسەینپوور دەستبەسەرکردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کار و ماڵی ئەم کەسانە لە شاری بانە و گوندی «ساوان» و ئەو کەسانەیان دەستبەسەر کردووە.

تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە بەردەست نەکەوتووە.