بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی سەرماوەز / ١٢.١٥، هێزەکانی پاسەوانیی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران پۆلێک کۆڵبەریان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژییەدا کۆڵبەرێکی گەنج بەناوی “هادی حەسەنی” کوژراوە.

سەرچاوەیەک لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: “کۆڵبەرەکان پاش تەقەی هێزە سەربازییەکان بەرەو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ڕایان کرد، بەو هۆیەشەوە ئاگایان لەوە نەبوو کە هادی حەسەنی برینداربووە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی بارەگای سەربازیی بێتوش پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە تەرمی هادی حەسەنییان دۆزیوەتەوە و ڕادەستی نەخۆشخانەی سەردەشتیان کردووە.

دەگوترێت کە هادی حەسەنی پاش ئەوەی گولـلەی بەرکەوتووە بەهۆی خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەستداوە.

هادی حەسەنی، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری ڕەبەتی سەربە سەردەشت بووە. ناوبراو لە چەن ساڵێک پێش ئێستاوە بەهۆی کۆچی دوایی باوکییەوە بەرپرسیارێتی چوار خوشک و براکەی دیکەی لە ئەستۆ بووە.

بەگوێڕەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە بۆ ئێستا بەهۆی تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ٦ کۆڵبەر و کاسبکار کوژران و ٥ی دیکەش برینداربوون. هەروەها هاوڵاتییەکی دیکەش بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بەسەختی برینداربووە.