ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی داواکاریی هەوڵدانی بەپەلە ڕایگەیاند کە کاربەدەستانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ناهێڵن پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کورد، دابین بکرێت و لە ڕێی ئەم ئەشکەنجەوە دەیانەوێ ناچاری بکەن لە بەرانبەر کامێرادا لە دژی خۆی “دانپێدانان” ئەنجام بدات .

بە وتەی ئەم دامەزراوە داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ، بەرگرتنی بەئەنقەست لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ زەینەب جەلالیان بۆتە هۆی قووڵبوونەوەی نەخۆشی و ئازارەکانی، بە تایبەت کە ناوبراو لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە، لەوانە کێشەی هەناسەکێشانە کە دوای تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا بە قووڵی ئازاری دەدات.

لە درێژەی ئەم بانگەوازە بەپەلەیەدا وتراوە: لە ڕێکەوتی ١٠ی گوڵانی ١٣٩٩ ەوە کە پەتای گشتگیری کۆرۆنا بە هەموو زیندانەکانی سەرانسەری ئێراندا بڵاو بوویەوە، کاربەدەستانی وەزارەتی ئیتلاعات زەینەب جەلالیانیان بۆ چوار زیندانی جیاواز لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران گواستۆتەوە و بە پێشێلکردنی پرەنسیبی قەدەغەبوونی ڕەهای ئەشکەنجە و هەموو هەڵسوکەوتێکی خراپی دیکە، ناوبراویان بۆ ماوەی درێژ لە زیندانی تاکەکەسیدا ڕاگرتووە و بە ئەنقەست بەریان بە پێڕاگەیشتنی گونجاوی پزیشکی گرتووە. وەزارەتی ئیتلاعات ڕایگەیاندووە تەنیا بەو مەرجە ئامادەن خزمەتگوزاریی گونجاوی پزیشکیی بۆ دابین بکەن و بیگوازنەوە بۆ زیندانێکی نزیک لە بنەماڵەی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کۆتایی بە هەڵسوکەوتی تۆڵەئەستێنانە بهێنن کە ناوبراو لە بەرانبەر کامێرای تەلەفیزیۆندا ددان بە تاوانکاربوونی خۆیدا بنێت و پەشیمانبوونەوەی خۆی لە چالاکییە سیاسییە پێشووەکانی ڕابگەیەنێت و بکەوێتە هاوکاریکردنەوە لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعاتدا. بە درێژایی ٦ ساڵی ڕابردوو زەینەب جەلالیان بە ئەنقەست لە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بۆ وەرگرتنی ئەو چارەسەرە پزیشکییە گونجاوانەی دابینکردنیان لە زینداندا نامومکینە، بێبەش کراوە. 

ئەم دامەزراوە داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ، لە کۆتایی بانگەوازەکەیدا داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە ڕێی دەقە پێشنیارکراوەکەی لێبوردنی نێونەتەوەییەوە نامەکانیان ئاراستەی بەرپرسانی ئێران بکەن و داوایان لێ بکەن:

. بە سەرنجدان بە بڕیاری «کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری دەستبەسەرکردنی نایاساییدا»، بەپەلە زەینەب جەلالیان ئازاد بکەن و گەرەنتیی مافی ناوبراو بکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی خەسارەکان،

. تا ئەو کاتەی ئازاد دەکرێت دەبێ بەهرەمەند ببێ لە خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێویستەکان، وەک گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بە مەبەستی وەرگرتنی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە زینداندا دابینکردنیان نامومکینە،

. بەر بە هەرچەشنە ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتێکی خراپ لە بەرانبەر ناوبراودا بگیرێت و بگوازرێتەوە بۆ زیندانێکی نزیکتر لە بنەماڵەکەی،

. یەکسەر دەست بکرێ بە ڕەوتێکی لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە، کاریگەر، سەربەخۆ و خێرا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئیدیعاکانی ناوبراو لە بواری ئەشکەنجەکردن و هەڵسوکەوتە خراپەکانی تردا و سەرجەم بەرپرسیارانی ئەم کارانە لە دادگای دادپەروەرانەدا موحاکەمە بکرێن بەبێ ئەوەی سزای لەسێدارەدان بەکار بهێنرێت،

. هەروەها وەبیر ئەم بەرپرسانە بهێنرێتەوە کە ئازاردان و دەستگیرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی زیندانییان تەنیا لەبەر دروستکردنی لەمپەر لە بەردەم هەوڵە جەماوەرییەکاندا بۆ پشتیوانیکردنی ئازیزەکانیان، بە واتای پێشێلکردنی یاسا و ستانداردە نێونەتەوەییەکانە.

🔹 داونلۆدکردنی فایلی پی‌دی‌ئیفی بانگەوازی هەوڵدانی بەپەلەی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە زمانی فارسی (٢ لاپەڕە)

https://t.me/Amnesty_International/1862

🔹 لینکی بانگەوازی هەوڵدانی بەپەلەی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە زمانی ئینگلیزی