محەممەد (سۆران) مورادخانی، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد، دوای ٣٨ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەڵاڕێزان (١٣ی نۆڤامبەر) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرابوو و ئەمڕۆ بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لەم زیندانە ئازاد کراوە.
محەممەد (سۆران) مورادخانی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و دانیشتووی سنە، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو. تا ئێستا لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.