ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی کە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەر کرا و بەفرانباری ساڵی ڕابردوو (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە سێدارە درا، بەبێ ئەوەی چارەنووسی دیاری بکرێت هێشتا لە زیندانی ناوەندیی کەرەجدایە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ماشەڵڵا کەرەمی سەرەڕای ئەوەی نەوەد ڕۆژە دەستبەسەر کراوە، لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کراوە و بنەماڵەکەیشی لەژێر هەڕەشەدان تاکوو هیچ هەواڵێک لەسەر بارودۆخی بڵاو نەکەنەوە.

ئەم باوکە دادخوازە ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژ (٢٢ی ئاگۆست) لە ماڵەکەی خۆی لە کەرەج لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٦ی گەڵاڕێزاندا (٢٨ی ئۆکتۆبەر) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی کەرەج کرا.

هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ماشەڵڵا کەرەمیدا ماڵەکەیشیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانی ئەم بنەماڵەیە، لەوانە مۆبایلەکانیاندا گرتووە.

محەممەدمێهدی کەرەمی، هاووڵاتیی کوردی خۆپیشاندەری خەڵکی بیجاڕ، لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری کەرەج دەستبەسەر کرا و لە دۆسیەی «کوشتنی بەسیجییەک بە ناوی ڕوحوڵڵا عەجەمیان»دا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەم لاوە کوردە لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکەی دۆسیەکەدا بە ناوی محەممەد حسەینی ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ (٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە سێدارە دران.