سەرەڕای تێپەڕینی ساڵێک  بەسەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی عوسمان مامەدا، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە بەردەست نەکەوتووە. 

عوسمان مامە ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، لە ڕێگای ماڵەکەی خۆی لە نزیک ئیدارەی بێهزیستیی شاری بۆکان لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا، بەڵام سەرەڕای بەدواداچوون  و سەردانکردنی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان، تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوون بە داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە کوردە نەدراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «سەرەڕای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر دەستبەسەرکردنی عوسمان مامەدا، هەموو هەوڵ و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بێئەنجام بووە. لە یەک ساڵی ڕابردوودا بنەماڵەکەی چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئاگاهی، ئیدارەی ئیتلاعات، دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و دادگای بۆکانیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار بنەماڵەی عوسمان مامە بانگهێشتی بەردەم ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان کراون و خراونەتە ژێر لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کراوە کە بۆیان نییا هیچ جۆرە هەواڵێک لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان بڵاو بکەنەوە. ئەگەرچی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەڵێن ئاگایان لە چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە نییە، بەڵام لەو لێپرسینەوانەدا کە لە بنەماڵەکەیان کردووە، ئاماژەیان بە وێنە و فیلمەکانی ناو مۆبایلەکەی و هەوڵدانی بۆ دۆزینەوە و فرۆشتنی ئاسەواری مێژوویی کردوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «بە لەبەرچاوگرتنی پرسیارەکانی لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەسەر ناوەرۆکی مۆبایلەکەی عوسمان، ئاشکرایە کە ئەوان دەستبەسەریان کردووە و مۆبایلەکەیشی لە دەستی ئەم دەزگا ئەمنییەدایە».

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستەدا لانیکەم ٧ چالاکی سیاسیی کوردی دیکە بە ناوەکانی ئیدریس فیقهی (فەقیهی)، پژمان فاتیحی، محەممەد فەرامەرزی، موحسین مەزڵووم، وەفا ئازەربار، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئەرانەوە کەوتوونەتە بەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.