لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٤ چالاک، هونەرمەند و هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی یووسف حاجی خۆش، ڕەحیم ڕەفعەتی، فەخرەدین مودەڕیسی، ئومید ڕەشیدپاک، ئارمان ئیبراهیمی، سەلاح قازی، حیسامەدین مەحموودی، مەولوود ڕووستا، حەسەن ڕەسوولی، جەعفەر ڕەسوولی، محەممەد سوڵتانپوور، غەفوور شێخمحەممەدی، هادی لاوه و ئاکۆ ئیبراهیمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری شنۆ و گوندەکانی دەوروبەری دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی گوڵان (٢ی مەی) سەلاح قازی لە گوندی «گوندەوێڵە»ی شنۆ و ئارمان ئیبراهیمی، ئومید ڕەشیدپاک، ڕەحیم ڕەفعەتی و فەخرەدین مودەڕیسی لە شوێنەکانی تری ئەم شارە دەستبەسەر کراون.
ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گوڵانیش (١ی مەی) سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی حیسامەدین مەحموودی، مەولوود ڕووستا و حەسەن ڕەسوولی دەستبەسەر کراون. هەروەها شەوی چوارشەممە لە گوندی «کۆنەقەڵا»ی شنۆ هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی یووسف حاجی خۆش، ئەندامی شۆرای ناوەندی و دەستەی بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد و ئەم چالاکە کوردەیان بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کردووە.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١١ی گوڵان (٣٠ی گوڵان) هادی لاوە، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، ئاکۆ ئیبراهیمی، محەممەد سوڵتانپوور و جەعفەر ڕەسوولی لە ماڵەکانی خۆیاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
دەوترێت زۆربەی ئەم کەسانە لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە و لەبەر بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵی شنۆ دەستبەسەر کراون.