تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد سەبارەت بە هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە. هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا (مارس و ئاوریلی ٢٠٢٥)، لانیکەم دوو کۆڵبەر بە ڕووداوی هاتوچۆ و جەڵدەی دڵ گیانیان لە دەست داوە. شەش بەندکراوی کورد لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون. سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسی لە دیوانی باڵای ئێراندا پەسەند کراوە و دوو هاووڵاتیی دیکەیش سزایان بەسەردا سەپاوە. هەروەها لانیکەم ٣٤ کەسی دیکەیش بە تۆمەتی سیاسی دەستبەسەر کراون و ژمارەیەکی دیکەیش ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە بوونەتەوە. هاوکات هاووڵاتییەک بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و یەک کەسی دیکەیش بریندار بووە.
· کۆڵبەران
دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی شەهاب کەریمی و عومەر مورادی، خەڵکی شارەکانی سەلاسی باوەجانی و جوانڕۆ، بە ڕووداوی هاتوچۆ و جەڵدەی دڵ لە کات و ڕێگای کۆڵبەریدا گیانیان لە دەست دا.
· لەسێدارەدان
لانیکەم شەش بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» و «مادە هۆشبەرەکان» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی بۆکان، کرماشان، کرمان، بەندەرعەباس و کەرەج لە سێدارە دران.
· سزاکان
دیوانی باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلووی بە تۆمەتی «بەغی» وەک خۆی پەسەند کردەوە. هەروەها لانیکەم دوو هاووڵاتیی دیکە بە تۆمەتی سیاسی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا. لە بڕیارێکی دیکەدا زیندانییەکی سیاسی بۆ ماوەی شەش مانگ لە مافی مۆڵەتی پشووی کاتی بێبەش کرا.
· دەستبەسەرکردنەکان
لانیکەم ٣٤ هاووڵاتی و چالاکوانی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگیی کوردستان لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئیلام و کرماشاندا بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کران. لە ناو دەستبەسەرکراواندا دوو منداڵیش دەبینرێت.
لە کۆی ئەم هاووڵاتیانە دوو کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانەکانی نەغەدە و سنە کراون. ئەگەرچی ١٣ کەس لەم دەستبەسەرکراوانە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام زۆربەی هەرەزۆریان تا ئێستایش هەر دەستبەسەرن و لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هەندێکیان هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە
زۆربەی ئەم هاووڵاتیانە بە بۆنەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ١٤٠٤ـەوە (٢٠٢٥) لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
· بانگهێشتکردنەکان
دانیشتنی دادگاییکردنی حەوت چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی سووسەن ڕازانی، سەیدخالید حسەینی، جەمال ئەسەدی، ئێقباڵ شەعبانی، فەردین میرەکی، شەیس ئەمانی و ئارمان سەلیمی لەگەڵ فەرشید عەبدوڵڵاهی، باوکی هوومەن عەبدوڵڵاهی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بەڕێوە چوو. ئەم هاووڵاتیانە بە تۆمەتەکانی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» دادگایی کراون. بەشداریکردنی ئەم هاووڵاتیانە لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی دایکێکی دادخوازی خەڵکی سنەدا وەکوو یەکێک لە بەڵگەکانی ڕووبەڕووکردنەوەی ئەو تۆمەتانە ڕاگەیەنراوە.
هەروەها مەجید دەریایی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی شنۆ، ڕۆژی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٩ی ئاوریلی ٢٠٢٥) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی ڕووبەڕوو کرایەوە و بانگهێشتی بەردەم لقی یەکەمی دادیاریی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شنۆ کرا. مەجید دەریایی لە بەردەم دادگادا سەبارەت بە تۆمەتی «بانگەشەکردن لە بەرژەوەندیی گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا» بەرگریی لە خۆی کردووە.
· دۆخی بەندکراوان
ـ دووهەمین داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی پەخشان عەزیزی، زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی ئێڤیندا، لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەت کرایەوە.
ـ سزای لەسێدارەدانی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کوردی خەڵکی ورمێ کە پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» بەسەریدا سەپابوو، لە دیوانی باڵای ئێراندا هەڵوەشایەوە.
ـ محەممەد ڕەسوولپوور، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ کە سزای ساڵ و نیوێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و زیاتر لە چوار مانگە لە زینداندا ماوەی سزاکە تێدەپەڕێنێت، لە دۆسیەسازییەکی نوێدا تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی ڕووبەڕوو کرایەوە.
ـ هیوا بەهین، زیندانیی سیاسیی کورد کە سزای ٦ مانگ بەندکرانی لە زیندانی بۆکاندا تێدەپەڕاند، دوور لە هەرجۆرە هۆکار و ڕێکارێکی یاسایی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ئەم زیندانییە سیاسییە لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ورمێ و لەو زیندانەدا سەرلەنوێ لێپرسینەوەی لێ کراوە.
ـ هادی ڕوستەمی، مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان، سێ بەندکراوی سزادراو بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدان، لە لایەن جێگری داواکاری گشتیی ئەم شارەوە بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندان کران و پێیان ڕاگەیەنرا کە پاش کۆتاییهاتنی دوایین مۆڵەتی یەک مانگە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی سکاڵاکارەکان، لە ڕۆژانی داهاتوودا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکان، ڕێکارە یاساییەکان بۆ گواستنەوەی ئامێری «گیۆتین» بۆ ناو زیندان دەگیرێتە بەر.
ـ حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، زندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان، ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٦ی ئاوریلی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. هاوکات لە ڕاگەیاندننامەیەکی فەرمیدا پارێزەرەکەی ئاگادار کرابووەوە کە پارێزوانەکەی ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) لە سێدارە دەدرێت.
وەک پەرچەکردارێک لە بەرانبەر ئەم هەواڵەدا، بنەماڵە و خزمانی حەمید حسەیننژاد لە بەردەم زیندانی ناوەندیی ورمێدا گرد بوونەوە و داوای ڕاگیرانی دەسبەجێی سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییەیان کرد. ئەگەرچی سەرۆکی زیندانی ورمێ لە هەمان ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوەدا (١٨ی ئاوریل) پێی ڕاگەیاندن کە بە فەرمانی داواکاری گشتیی ورمێ پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە، بەڵام مانگرتنی بنەماڵە و خزمەکانی لە بەردەم زیندانەکەدا درێژەی پەیدا کرد و نیگەرانییەکان لە ئاست جێبەجێکردنی لەناکاوی سزاکەدا هەر نەڕەواوەتەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییەیش لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی ڕاگیرانی کاتیی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە، داوای لێ کردبوون بەردەوام بەدواداچوون بۆ بارودۆخی بکەن و هەوڵەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی سزاکە درێژە پێ بدەن.
· ژنکوشتن
ئازیتا فەللاحی، ٣٦ ساڵان و خەڵکی شاری قوروە، ڕۆژی ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٣ی ئاوریلی ٢٠٢٥) لە شاری سونقوڕی کرماشاندا و بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی قورسی هاوسەوەکەیەوە گیانی لە دەست دا.
· گیانلەدەستدان لە زیندان و دەستبەسەرگەدا
کامران کازمی، بەندکراوی ٣٨ ساڵانی خەڵکی کرماشان، لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی ورمێدا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا. ئەگەرچی کاربەدەستانی ئەم دەزگایەی پۆلیس ڕایانگەیاندووە کە کامران کازمی لە هەوڵێکی «خۆکوشتن»دا گیانی لە دەست داوە، بەڵام هەندێ لەوانەی لەگەڵ ئەم هاووڵاتییەدا دەستبەسەر بوون وتوویانە کە هاوبەندییەکەیان لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی پۆلیسدا کوژراوە. کامران کازمی لە دواڕۆژەکانی بەفرانباری ١٤٠٣دا (ژانڤییەی ٢٠٢٥) بە تۆمەتی «دزیکردن» لە ماڵی پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ، دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی ئەم شارە.
· دەسڕێژکردن بۆ سەر هاووڵاتیان
ـ محەممەد حسەینزادە، خەڵکی گوندی «قشڵاق تەرزیلوو»ی ورمێ، بە دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی گیانی لە دەست دا. هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی لە گەڕەکی «تەرزیلوو» بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلەکەی کرد و لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا ئەم هاووڵاتییە گیانی لە دەست دا.
ـ محەممەد ساڵحی، خەڵکی گوندی «بێکەش»ی بانە، لە سنووری «زەلێ»ی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بە سەختی بریندار بوو. ئەم هاووڵاتییە لە لای سەر و پشتەوە بە سەختی بریندار بووە و ئێستە لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەیەکی شاری سنە لەژێر چاودێری و دەرماندایە.