تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد سەبارەت بە هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە. هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە.
بەپێی ئامارە تۆمارکۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٤دا (ئۆکتۆبەر و نۆڤامبەری ٢٠٢٥)، کۆڵبەرێک کوژراوە و دوو کۆڵبەریش بریندار بوون؛ لانیکەم ٩ بەندکراوی کورد لە سێدارە دراون؛ ١٠ کەس سزایان بەسەردا سەپاوە و سزای لەسێدارەدانی ٥ زیندانیی سیاسییش هەڵوەشاوەتەوە؛ لانیکەم ٣٥ کەس بە تۆمەتی سیاسی دەستبەسەر کراون و سێ هاووڵاتی بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.
· کۆڵبەران
کۆڵبەرێک بە ناوی ئیبراهیم پیرانزاد لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژرا. هەروەها کۆڵبەرێکی تریش لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بە تەقینەوەی مین ئەندامێکی جەستەی لە دەست دا. هەر لەم ناوچە سنوورییەدا کۆڵبەرێکی دیکە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوو.
· لەسێدارەدان
سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ٩ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر» و «کوشتنی بەئەنقەست» بۆیان دەرچووبوو، لە زیندانەکانی ئەسفەراین، یەزد، کرماشان و ورمێ جێبەجێ کرا.
· سزاکان
لانیکەم ١٠ هاووڵاتی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکوانی فەرهەنگیی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی، تاوان (کەیفەری) و دیوانی دادی ئیدارییەوە لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، میاندواو، ورمێ، سەقز، سنە و دێولان بە تۆمەتی سیاسی سزای وەک لەسێدارەدان، بەندکران، دابڕان لە خزمەت، دوورخستنەوە، خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە دابەزاندنی پلەی پیشەیی، دەرکردنی هەمیشەیی لە کار و بێبەشکردنی هەمیشەیی لە خزمەتگوزاریی دەوڵەتییان بەسەردا سەپا.
سزای لەسێدارەدانی پێنج دەستبەسەرکراوی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە بۆکان بە ناوەکانی عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بەیگزادەی بابامیری و تەیفوور سەلیمیی بابامیری لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەیان بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕادەستی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد کرا.
· دەستبەسەرکردنەکان
لانیکەم ٣٥ هاووڵاتیی کورد، لەوانە زیندانیانی سیاسیی پێشوو، چالاکوانانی سیاسی، فەرهەنگی و ژینگەپارێز، لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و گیلان بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کران.
لە کۆی ئەم هاووڵاتیانە شەش کەس بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانەکانی مەهاباد، سنە و نەغەدە کراون. زۆربەی دەستبەسەرکراوانی ئەم مانگە تا ئێستایش هەر دەستبەسەرن و لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هەندێکیان هیچ زانیارییەکی ورد بەردەست نەکەوتووە.
· ژنکوشتن
لەیلا عەلیڕەمایی، ٤٢ ساڵان و خەڵکی مەریوان، بە دەستی پیاوێکی دراوسێ ماڵی بە دەسڕێژی گوللە کوژرا. دەوترێت هۆکاری ئەم ڕووداوە ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیریی بکوژ بووە.
فەرنووش نەمام، ٤٢ ساڵان و خەڵکی مەهاباد، بە دەستی هاوسەرەکەی و بە دەسڕێژی گوللە کوژرا. دەوترێت هۆکاری ئەم ڕووداوە «کێشەی قووڵی خێزانی و داوای جیابوونەوە لە لایەن فەرنووشەوە» بووە. لەم دەسڕێژەدا باوکی ژنەکەیش پێکراوە و گیانی لە دەست داوە.
. زیندانیانی سیاسی
محەممەد خزرنژاد دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتە ١٠ ڕۆژەکەی بۆ پشووی کاتی گەڕایەوە بۆ ناو زیندانی ناوەندیی سنە. ئەم بەندکراوە سیاسییە کە سزای ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە، دوای سێ ساڵ مانەوە لە زیندان بۆ یەکەم جار مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درابوو.
خالید بایەزیدی، زیندانیی سیاسیی سزادراو بە پێنج ساڵ بەندکران، تەنها ٩ ڕۆژ دوای گوازرانەوە بۆ زیندانی شنۆ و سەرباری هۆشداریدانی پزیشکی تایبەتمەند لەمەڕ نەگونجاوبوونی هەلومەرجی زیندان بۆ تەندروستیی ئەم زیندانییە سیاسییە، بە هۆی پەرەسەندنی نەخۆشیی دڵەوە کەوتە حاڵەتێکی خراپ و ناجێگیرەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و چەند ڕۆژێک لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکاندا لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو.
. کوشتنی هاووڵاتیان
خالس پەرویزی، ٣٥ ساڵان و یووسف پەرویزی، ٤٢ ساڵان، خەڵکی گوندی «قینلق»ی سەر بە ناوچەی قەتووری خۆی، ڕۆژی ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبەر) بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیک گوندی «ئاڵماڵوو» گیانیان لە دەست دا.
میلاد کەرەمی، ٣٩ ساڵان و خەڵکی کامێران، ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزان (١٦ی نۆڤامبەر) لە بازگەی پشکنینی دەروازەی شاری تیکابدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران و گیانی لە دەست دا. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەم هاووڵاتییە بەڵگەنامە و مۆڵەتی پێویستی لێخوڕینی پێ نەبووە و ترساوە غەرامە بکرێت، هەر بۆیە گوێی بە فەرمانی وەستان نەداوە و هێزە چەکدارەکانیش بە گومانی «هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ» لە مەودای نزیک و لە پشتەسەرەوە دەسڕێژیان لێ کردووە.
. مافی پیشەیی
هۆڵێکی وەرزشی «کیۆکۆشین» لە شاری بۆکان بە بیانووی ڕاهێنانی تێکەڵی ژن و پیاو لە لایەن ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکانی فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی ئەم شارەوە داخرا.