تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد سەبارەت بە هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە. هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕەزبەری ١٤٠٤دا (سێپتامبەر و ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)، سێ کۆڵبەر کوژراون و دوو کۆڵبەریش بریندار بوون؛ لانیکەم ١٩ بەندکراوی کورد لە سێدارە دراون؛ ١١ کەس سزایان بەسەردا سەپاوە؛ لانیکەم ١٨ کەس، لەوانە دوو منداڵ، بە تۆمەتی سیاسی دەستبەسەر کراون؛ لانیکەم یەک کەس بانگهێشتی بەردەم دەزگا ئەمنییەکان کراوە و ئەندامێکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەگەڵ هاووڵاتییەکی تردا بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.
· کۆڵبەران
سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی قاسم عەزیزی، ڕێبوار محەممەدزادە و مەهدی شەریفی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژران. هەروەها لانیکەم دوو کۆڵبەری تریش لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود و بانە بریندار بوون.
· لەسێدارەدان
سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ١٩ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر»، «کوشتنی بەئەنقەست» و «موحارەبە» بۆیان دەرچووبوو، لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج، زەنجان، سنە، کرماشان و ئەسفەراین جێبەجێ کرا.
· سزاکان
لانیکەم ١١ هاووڵاتیی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی و کەتن (کەیفەری)ی شارەکانی مەریوان، مەهاباد و میاندواوەوە بە تۆمەتی سیاسی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
· دەستبەسەرکردنەکان
لانیکەم ١٨ هاووڵاتیی کورد، لەوانە چالاکوانانی مەدەنی، فەرهەنگی، پیشەیی و سیاسی، لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، تاران و کرماشان بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کران.
دوان لەم دەستبەسەرکراوانە منداڵ بوون کە لە شاری شنۆ بە هۆکاری نادیار دەستبەسەر کرابوون.
لە کۆی ئەم هاووڵاتیانە یەک کەس بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانی شنۆ کراوە و تەنها یەک کەس ئازاد کراوە. ئەوانی دیکە تا ئێستایش هەر دەستبەسەرن و لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هەندێکیان هیچ زانیارییەکی ورد بەردەست نەکەوتووە.
. زیندانیانی سیاسی
مەهدی مەجیدی، زیندانیی سیاسیی سزادراو بە سێ ساڵ بەندکران، دوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی بڕیاری بەکارهێنانی پێبەندی ئەلێکترۆنی لە لایەن دادگاوە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی پاشماوەی سزاکەی سەرلەنوێ ڕەوانەی ناو زیندانی بۆکان کرایەوە.
هۆشیار شەعبانی، چالاکوانی مەدەنی، دوای چوار حەفتە دەستبەسەربوونی نایاسایی و مانەوە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی سنەدا، ڕەوانەی زیندانی بانە کرا. ئەم چالاکوانە کوردە بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی دیدار و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو.
· بانگهێشتکردنەکان
سامان غەزاڵی، ڕۆژنامەوان و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی مەهاباد، پاش بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ پۆلیسی ئەمنییەتی هێزی ئینتیزامی (فەراجا)ی ئەم شارە، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەی لێ کرا.
· کوژرانی ئەندامێکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
ڕۆژی ١ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٢٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) ئەندامێکی بەشی سەربازیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە ناوی محەممەد حسەین ڕەشید، خەڵکی شاری چەمچەماڵی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە هیچ چەکێکی پێ نەبوو و بەتەما بوو بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە ئۆتۆمبێلێکدا لە سێ ڕیانی مووسکی مەریوان کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە هاوبەشەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و لەگەڵ هاووڵاتییەکی تر کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوو، گیانیان بەخت کرد.