تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد سەبارەت بە هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە. هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕەشەمەی ١٤٠٣دا (فێبرییە و مارسی ٢٠٢٥)، کۆڵبەرێکی لاو بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران گیانی لە دەست داوە. لانیکەم هەشت هاووڵاتیی کورد لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون. هاووڵاتییەک سزای بەندکران و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپاوە. هەروەها لانیکەم ٣٢ کەسی دیکەیش بە تۆمەتی سیاسی دەستبەسەر کراون و ژمارەیەکی دیکەیش ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە بوونەتەوە. هاوکات هاووڵاتییەک بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکان کوژراوە و سێ کەسی دیکەیش بریندار بوون.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕەشەمەی ١٤٠٣دا (فێبرییە و مارسی ٢٠٢٥):
سینا ڕوستەمپوور، کۆڵبەری خەڵکی بانە، ڕۆژی ٣٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٢٠ی مارسی ٢٠٢٥) بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارە گیانی بەخت کرد.
لانیکەم حەوت بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی مەهاباد، قزلحەساری کەرەج، دیزڵئاوای کرماشان و ورمێ کە پێشتر بە تۆمەتی «دەستدرێژیکردن بە زۆر»، «کوشتنی بەئەنقەست» و «مادە هۆشبەرەکان» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە سێدارە دراون. هەروەها زیندانییەکی دیکەیش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» لە شوێنێکی گشتی و لە بەرچاوی خەڵکدا لە شاری ئێسفراینی پارێزگای خوراسانی باکوور لە سێدارە دراوە.
شەهنام زاهیرینژاد، ٣٥ ساڵان، لە پێڕەوانی ئایینی یارسان و خەڵکی گوندی «ملەڕۆڵان»ی سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو، بەرەبەیانی ڕۆژی ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٢٨ی فێبرییەی ٢٠٢٥) بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی قەسری شیرین کوژرا.
دایە مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە بۆکان، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «ئامادەبوونی ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا بەبێ ڕەچاوکردنی حیجابی شەرعی» سزای هەشت مانگ بەندکران و پێبژاردنی یەک میلیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپا. دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم دایکە دادخوازە ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (١٥ی فێبرییەی ٢٠٢٥) بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و بڕیارەکەی بە شێوەی زارەکی پێ ڕاگەیەنرا.
داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی حاتەم ئوزدەمیر، زیندانیی سیاسیی کوردی هاووڵاتیی کوردستانی تورکیا، لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەت کرایەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە گوڵانی ١٤٠٣دا (مەیی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو و ئەو سزایە لە خەرمانانی ١٤٠٣دا (سێپتامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرابوو. حاتەم ئوزدەمیر ئێستە لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی خێرادایە.
لانیکەم ٣٢ هاووڵاتی، چالاکی سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی و ژنانی کوردستان لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئیلام و کرماشاندا بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کران. لە کۆی ئەم هاووڵاتیانە چوار کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانەکانی نەغەدە، بۆکان، بانە و ئیلام کراون.
ئەگەرچی حەوت کەس لەم دەستبەسەرکراوانە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام زۆربەی هەرەزۆریان تا ئێستا هەر دەستبەسەرن و لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هەندێکیان هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
- دەسڕێژکردن بۆ سەر هاووڵاتیان
هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٤ی مارسی ٢٠٢٥) لە نزیک گوندی «دەرەکێ»ی مەریوان لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کورد بە ناوی ئاریان کەرەمی کرد و لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا ئەم هاووڵاتییە بە سەختی بریندار بوو. هەروەها دوان لە خزمەکانیشی بە ناوەکانی گوڵاڵە محەممەدی و مەحموود کەرەمی کە بە مەبەستی یارمەتیدان بەرەو لای ئۆتۆمبێلەکە ڕۆیشتبوون، دەسڕێژیان لێ کرا و بریندار بوون.
· دۆخی زیندانیانی سیاسی
ئەنوەر چالشی (چالیشی)، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ورمێ کە ماوەیەک لەمەوپێش لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرابوو، بە هۆی وەرنەگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و پەرەسەندنی شێرپەنجەی ڕیخۆڵەوە لە قۆناغی بەندبووندا، چەند مانگێک دوای ئازادبوون لە زیندان لە ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا (١٩ی فێبرییەی ٢٠٢٥) لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.
کیانووش چراغی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی دێلوڕانی ئیلام، لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئازادبوون بە پێبەندی ئەلێکترۆنییەوە و لێدان و ئەشکەنجەکردن لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام، دەستی دایە مانگرتنی وشک لە خواردن و لە پێنجەم ڕۆژی مانگرتنەکەیدا لێوەکانیشی دوورییەوە.
پەرهام پەروەری، زیندانیی سیاسیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، دوای قبووڵکردنی سێهەم داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە، چاوەڕێی دادگاییکردنەوەی دووبارە لە لقی هاوتەریبی دادگادایە.
یاسین (ئامانج) موستەفاپوور، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە مەهاباد، بە هۆی دۆخی خراپی زیندان و دەستێوەردانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە، دەستی دایە مانگرتنی وشک لە خواردن.
· ڕۆژی جیهانیی ژن
لە سەروبەندی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژناندا، ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاریی سنە، لەوانە خەبات دێهدار، جەمال ئەسەدی، تەیب چەتانی، لوتفوڵڵا ئەحمەدی، ئێقباڵ شەعبانی و پەیام فەتحی لە ڕێگای تەلەفۆنەوە و لە لایەن لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە هەڕەشەیان لێ کرا و پێیان ڕاگەیەنرا کە لە ئەگەری هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردن یان بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی ئەم ڕۆژەدا، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە. هەروەها هەندێ لە چالاکانی مافەکانی ژنان، لەوانە سیمین چایچی، بەهار زەنگیبەند و سورەییا خدری، لە لایەن ئیتلاعاتی هێزی ئینتیزامییەوە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کرا.
سەرەڕای هەموو گوشار و هەڕەشەکان، ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی ٨ی مارس، ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٧ی مارسی ٢٠٢٥) بە بەشداریی چالاکانی مافەکانی ژنان، کرێکاران، پیشەیی و دایکانی ئاشتی لە سنە بەڕێوە چوو. پێش لەم ڕێوڕەسمە چوار ژنەچالاکوانی خەڵکی شارەکانی سنە و دێولان بە ناوەکانی باران ساعیدی، سۆما محەممەدڕەزایی، لەیلا پاشایی و سوهەیلا مەتاعی دەستبەسەر کران. سوهەیلا مەتاعی و سۆما محەممەدپوور دواتر بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کران، بەڵام باران ساعیدی و لەیلا پاشایی تا کۆتایی ساڵ هێشتا هەر دەستبەسەر بوون.
· نەورۆز
سەرەڕای هەموو قەدەغەکاری و هەڕەشەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان و هاوکاتبوونی نەورۆز لەگەڵ مانگی ڕەمەزاندا، جێژنە جەماوەرییەکانی نەورۆز لە هەندێ شاری وەک کرماشان، ئیلام، سەقز، بۆکان، شنۆ، پیرانشار، مەهاباد و ورمێدا بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵک بەڕێوە چوو.
لە سەروبەندی نەورۆزدا ژمارەیەک لە هاووڵاتیان و چالاکانی کورد بانگهێشتی بەردەم بنکە هەواڵگرییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کران و لەسەر بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە دەرەوەی مۆڵەتی دەوڵەتەوە هەڕەشەیان لێ کرا.
سەیدسادق حسەینی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئیلام، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئەمرکردن بە چاکەی ئەم پارێزگایەدا ڕایگەیاند کە «لە پرسی جێژنی نەورۆزدا هیچ دەزگایەک بۆی نییە مۆڵەت دەر بکات و دەبێ هەموان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێوڕەسمانەدا کە لەگەڵ کولتووری ئێمەدا تەبا نایەنەوە، یەکدەنگ و هەماهەنگ بن.» هەروەها وتبووی کە توانیومانە کەسانێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان لە ناو کۆمەڵگادا بۆ ئەم مەبەستە چالاکن، بناسینەوە.
لە بۆکان حەسەن کاکایی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناسراو، چەندین جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کرا کە بۆی نییە لە هیچ جێژنێکی نەورۆزدا بەشداری بکات. لە شاری شنۆیش کەریم مەلاعەلیزادە، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێز، بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کرا کە ڕێوڕەسمەکان دەبێ بەپێی ستانداردە دەوڵەتییەکان بەڕێوە بچێت و بەکارهێنانی هێما کوردییەکانی وەک «جامانە» قەدەغەیە.
هێزەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارەکانی بۆکان، کرماشان و شنۆدا خاڵی پشکنینیان دانا و دەستیان دایە پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان و لێپرسینەوەیان لە سەرنیشینەکان کرد. هەروەها لە شاری شنۆ و لەسەر ئەو ڕێگایانەی دەچوونەوە سەر شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، هێزەکانی سوپای پاسداران بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی تەیارکراو بە چەکی دۆشکەوە خاڵی پشکنینیان دانا و بە هەندێ شەقامی شاری شنۆدا سووڕانەوە و هەوڵیان دا بە زاڵکردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن ڕێگری لە گردبوونەوەی هاووڵاتیان بکەن.
لە درێژەی گوشارەکاندا، لانیکەم پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی مەتین (بێهزاد) چووپانی، ئەبووبەکر خاتەمی، هادی جامعی، سەلمان پاسەنگ و فواد کەشاوەرز (هونەرمەند و گۆرانیبێژی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارۆچکەی ساحێبی سەقز) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی شنۆ، پیرانشار و سەقز دەستبەسەر کران.
هەروەها هەندێ لە هاووڵاتیان دوابەدوای بەشداریکردن لەو ڕێوڕەسمانەدا لە لایەن دامودەزگاکانی پۆلیسەوە پەیامۆکی هەڕەشەئامێزی «هەڵگرتنی حیجاب»یان وەرگرت. لەم مەسێجەدا نووسرابوو: «لە شوێنی گشتیدا بە ناونیشانی گۆگ تەپە، پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکانی وڵات (لابردنی حیجاب) ڕووی داوە. ٢٤ کاتژمێر بۆ تانەلێدان مۆڵەتتان هەیە. لە ئەگەری دووبارەکردنەوەدا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەتاندا دەگیرێت».
· بانگهێشتکردنەکان
لە سنە حەوت چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی فاتمه زەندکەریمی، زارا محەممەدی، سوهراب جەلالی، موختار ئەسەدی، کەمال فەکووریان، جەمیل ئەمینی و جەمال ئەسەدی دوابەدوای بەڕێوەبردنی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی دژ بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادیدا، بانگهێشتی بەردەم لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە کران و دوای ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتەکان بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران. دەوترێت تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» ڕووبەڕووی ئەم چالاکوانانە کراوەتەوە.
لە سەروبەندی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژناندا، ژمارەیەک لە چالاکانی مافەکانی ژنان لە شاری سنە، لەوانە سیمین چایچی، بەهار زەنگیبەند و سورەییا خدری، لە لایەن ئیتلاعاتی هێزی ئینتیزامییەوە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کرا. هەروەها پێنج چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە بە ناوەکانی خەبات دێهدار، جەمال ئەسەدی، تەیب چەتانی، لوتفوڵڵا ئەحمەدی و ئێقباڵ شەعبانی لە ڕێگای تەلەفۆنەوە و لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە هەڕەشەیان لێ کرا و پێیان ڕاگەیەنرا کە بۆیان نییە لە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی ٨ی مارسدا بەشداری بکەن.
عەبدوڵڵا ڕەزایی، چالاکی پیشەیی مامۆستایانی خەڵکی هەرسینی کرماشان، دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
ئەکبەر دەروێشی، لە دەستبەسەرکراوانی پێشووی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» و یاریچیی پێشووی فوتباڵی شاری دێلوڕان، لەبەر پشتیوانیکردن لە زیندانیی سیاسیی کورد کیانووش چراغی، بانگهێشتی بەردەم ئیدارەی ئیتلاعات کرا و کافەکەیشی بە ناوی «Green Café» داخرا.
کاژیک محەممەدڕەزایی، لاوی خەڵکی سنە و لە خزمانی سۆما محەممەدڕەزایی، چالاکی بواری مافەکانی ژنان، ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمە (١٣ی مارس) دوای بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، هەڕەشەی لێ کرا.
لە بۆکان حەسەن کاکایی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناسراو، چەندین جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کرا کە بۆی نییە لە هیچ جێژنێکی نەورۆزدا بەشداری بکات. لە شاری شنۆیش کەریم مەلاعەلیزادە، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێز، بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کرا کە ڕێوڕەسمەکان دەبێ بەپێی ستانداردە دەوڵەتییەکان بەڕێوە بچێت و بەکارهێنانی هێما کوردییەکانی وەک «جامانە» قەدەغەیە.
ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمە (١٣ی مارس) نەسرەدین میری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «تەنگیسەر»ی سنە، بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بانگهێشت کرا و لەسەر چالاکییەکانی منداڵەکانی لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێ کرا. پێشتر منداڵێکی بە ناوی ژیان (موکرات) میری، لە مانگی بەفرانباردا (ژانڤییە) دەستبەسەر و بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.