هێزە سنوورپارێزەکان لە نزیک گوندی «دەرەکێ»ی مەریوان لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کورد بە ناوی ئاریان کەرەمی کردووە و لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا ئەم هاووڵاتییە بە سەختی بریندار بووە. هەروەها دوان لە خزمەکانیشی بە ناوەکانی گوڵاڵە محەممەدی و مەحموود کەرەمی کە بە مەبەستی یارمەتیدان بەرەو لای ئۆتۆمبێلەکە ڕۆیشتبوون، دەسڕێژیان لێ کراوە و بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، شەوی هەینی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٤ی مارسی ٢٠٢٥) ئاریان کەرەمی، کاسبکاری خەڵکی گوندی «زەکریان»ی مەریوان، لە نزیک گوندی «دەرەکێ» لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لە مەودای نزیکەوە بە چەکی ساچمەزەن دەسڕێژی لێ کراوە و لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا ئەم هاووڵاتییە بە سەختی بریندار بووە.

دوای ئاگاداربوونەوەی خزمانی ئەم کاسبکارە و ئامادەبوونیان لە شوێنی ڕووداوەکەدا، هێزە سنوورپارێزەکان دەسڕێژیان لەوانیش کردووە و لە ئەنجامدا گوڵاڵە محەممەدی، هاوسەری برا و مەحموود کەرەمی، خاڵی ئەم کاسبکارە، بە سەختی بریندار بوون.

ئەم سێ هاووڵاتییە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی بووعەلیی مەریوان کراون و دەوترێت دۆخی تەندروستییان خراپ و ناجێگیرە.