ئازاد ڕەعنایی، هاووڵاتیی ٣٤ ساڵانی خەڵکی سنە، ئێوارەی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٦ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە شەقامێکی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسی یەکەی فریاکەوتن و گیانی لە دەست دا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هێزەکانی پۆلیسی یەکەی فریاکەوتن لە بولواری دوکتور حسەینیی شاری سنەدا مۆتۆرسیکلێتی ئەم هاووڵاتییەیان ڕاگرتووە و دەستیان کردووە بە پشکنینی خۆی. ئەمەیش بووەتە هۆی دەمەقاڵە لە نێوان ئازاد ڕەعنایی و پۆلیسەکاندا، دواجار پۆلیسێک تەقەی لێ کردووە و ئەم لاوە کوردە دەسبەجێ کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند کە تا ئەم ساتە هیچ کەسێک لەبەر ئەم حاڵەتی کوشتنە لە لایەن دامودەزگا دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر نەکراوە.