هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی لەتیف یەعقووبی، خەڵکی گوندی «کۆزەڕەش»ی سەڵماس کە حەفتەی ڕابردوو لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا بریندار بووبوو، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ گیانی لە دەست دا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە ٤٥ ساڵەیە ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٦ی جولایی ٢٠٢٥) لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەڵماس لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی یەکەی سنوورپارێز و بە سەختی بریندار بوو.
ئەم هاووڵاتییە لە لایەن خەڵکی گوندێکی نزیکەوە گوازرایەوە بۆ ناوەندێکی پزیشکی لە شاری سەڵماس و پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ کرا. بەڵام ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٢ی جولایی ٢٠٢٥) بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.