ئارمان بیگلەری و پژمان بەدری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری هەلیلانی ئیلام، بە دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی لە شەقامێکی ئەم شارەدا کوژران.

کەسێکی نزیکی ئەم دوو هاووڵاتییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «کاتژمێر ٢١ی شەوی چوارشەممە ١ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٥) ئەم دوو هاووڵاتییە لە پارکێکی شاری هەلیلان لەگەڵ چەند کەسێکدا تووشی دەمەقڕە و تێکهەڵچوون بووبوون. پاش ئەوەی کە هەردووکیان سواری مۆتۆرسیکلێت دەبن و شوێنەکە بەجێ دێڵن، ئۆتۆمبیلێکی پۆلیسی ئینتیزامی دوایان دەکەوێت و لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لێ دەکات و هەردووکیان دەسبەجێ دەکوژرێن».

دوابەدوای کوژرانی ئەم دوو لاوە، پۆلیسی پارێزگای ئیلام لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم دوو کەسە چەکدار بوون و دوای تەقەکردن لە ژمارەیەک هاووڵاتی لە پارکی تەوحیدی ئەم شارە، لە کاتی هەڵاتندا تەقەیان لە هێزەکانی پۆلیسیش کردبوو. بەڵام ئەو سەرچاوە نزیکە لە بنەماڵەکەیان هەموو ئەم دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە و بە سیناریۆسازیی پۆلیسی لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند کە ئەم دوو هاووڵاتییە هیچ تێکهەڵچوونێکی چەکدارییان لەگەڵ پۆلیسدا نەبووە و ئەوە پۆلیسەکان بوون کە لە پشتەوە و لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لێ کردوون و کوشتوویانن.

تەرمەکانی ئەم دوو لاوە ٢٨ و ٢٩ ساڵەیە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرایەوە و وا بڕیارە ڕۆژی هەینی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنیان لە زادگەکەیاندا بەڕێوە بچێت.