هەندێ لە جووتیارانی دانیشتووی گوندی «پیرعومران»ی سەقز کە لە بەرانبەر دروستکردنی نایاسایی جادەیەک لە ناو زەویوزار و کێڵگەکانی ئەوانەوە بەرەو کانزای زێڕی «قوڵقوڵە» گردبوونەوەی ناڕەزاییان پێک هێنابوو، کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی پاسەوانی کانزاکە. لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا هاووڵاتییەک بە ناوی محەممەد ڕەشیدی کوژراوە و لانیکەم چوار هاووڵاتیی دیکەیش بە ناوەکانی هێمن ڕەشیدی، عادڵ ڕەشیدی، محەممەدئەمین ڕەشیدی و ڕامیار ڕەشیدی بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سەقزەوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند: «کاربەدەستانی دەوڵەت لە ماوەیەک لەمەوپێشەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستیان کردبوو بە دروستکردنی جادەیەک بۆ کانزای زێڕی قوڵقوڵەی سەقز کە ڕێک لە ناو زەویی کشتوکاڵی جووتیارانی گوندی «پیرعومران»ـەوە تێ دەپەڕی، ژمارەیەک لە خەڵکی گوندەکەیش بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەم هەنگاوە نایاساییە و هەروەها پیسکردنی ژینگەی ناوچەکە بە هۆی کانزاکەوە، ناڕەزاییان دەربڕی، بەڵام لە لایەن هێزە چەکدارەکانی پاسەوانی ئەو کانزایەوە دەسڕێژیان لێ کرا».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا هاووڵاتییەکی ٢٢ ساڵان بە ناوی محەممەد ڕەشیدی کوژراوە و لانیکەم چوار هاووڵاتیی دیکەیش، هێمن ڕەشیدی، عادڵ ڕەشیدی، محەممەدئەمین ڕەشیدی و ڕامیار ڕەشیدی، بریندار بوون.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «بە بۆنەی ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینییەوە کەشێکی ئەمنی بەسەر شاری سەقزدا زاڵ کراوە، هەر بۆیە تەرمی ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ بریندارەکاندا ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە کراوە».
هەواڵنێریی فارس کە سەر بە سوپای پاسدارانە، لە زاری عەقید محەممەدسادق پیرووزییەوە کە فەرماندەی پۆلیسیی ئینتیزامیی سەقزە، ناڕەزایی هێمنانەی خەڵکی گوندەکەی بە «پێکدادانی چەکداری» ناوزەد کردووە و وتوویەتی: «بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی ١١٠ سەبارەت بە پێکدادان بە چەکەوە لە کانزای ئاڵتوونی گوندی قوڵقوڵەی سەقز، بە هۆی هەستیاریی بابەتەکەوە دەسبەجێ هێزی پۆلیس لە شوێنەکە ئامادە بوون. لەم تێکهەڵچوونەدا کە بە هۆی کێشەی نێوان خەڵکی گوندەکەوە ڕووی داوە، کەسێک بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا و ٣ کەسیش بە سەختی بریندار بوون».
بەڵام بە پێچەوانەی بانگەشەکەی فەرماندەی پۆلیسیی ئینتیزامیی سەقز، سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێن ئەم ناڕەزایەتییە بەتەواوی هێمنانە بووە و هێزە چەکدارەکان بە گوللە وەڵامی ناڕەزایی گوندنشینانیان داوەتەوە.