ئۆتۆمبێلی چیا (خدر) ئەحمەدنژاد، کاسبکاری ٤٢ ساڵانی خەڵکی پیرانشار، لە جادەی پیرانشار بۆ گوندی «زێوە» کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی و لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا ئەم هاووڵاتییە گیانی بەخت کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٢٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی لە نزیک گوندی «زێوە» کەوتنە دوای ئۆتۆمبێلی ئەم کاسبکارە کوردە، لە کاتێکدا کە ئۆتۆمبێلکە هەڵگری هیچ کاڵایەک نەبوو. شایانی باسە کە هێزە ئینتیزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلەکەی چیا ئەحمەدنژاد کردبوو.

لەم ڕووداوەدا سێ گوللە بەر چیا ئەحمەدنژاد کەوت و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا، هاوکات هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی دوای پشکنینی ئۆتۆمبێلەکە تەرمی ئەو هاووڵاتییەیان هەر لە شوێنی ڕووداوەکەدا بەجێ هێشت.

چیا ئەحمەدنژاد باوکی سێ منداڵ و دانیشتووی شاری پیرانشار بوو.

دەوترێت سەرەڕای کوشتنی ئەم کاسبکارە کوردە، تا ئێستا هیچکام لە پۆلیسەکان دەستبەسەر نەکراون.