ئەندامێکی بەشی سەربازیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە ناوی محەممەد حسەین، خەڵکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هاووڵاتییەکی تردا کە تا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی ئێراندا گیانیان بەخت کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٢٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە سێ ڕیانی مووسکی شاری مەریواندا دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلێکی پژۆ پارس کردووە و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا لانیکەم دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە کوژراون.

ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە/ بەشی سەربازیی پژاک) لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ڕۆژی ١ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٢٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) یەکێک لە ئەندامەکانیان بە ناوی محەممەد حسەین ڕەشید (بە کۆدی ڕێکخراوەیی ئازاد زاگرۆس)، خەڵکی شاری چەمچەماڵی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە هیچ چەکێکی پێ نەبوو و بەتەما بوو بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە ئۆتۆمبێلێکدا لە سێ ڕیانی مووسکی مەریوان کەوتووەتە بەر دەسڕێژی هێزە هاوبەشەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و لەگەڵ هاووڵاتییەکی تردا گیانیان بەخت کردووە.

شایەتحاڵێک لە شاری مەریوانەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئۆتۆمبێلێک لە جۆری پژۆ پارس لە سێ ڕیانی مووسک لە لایەن چەند ئۆتۆمبێلێکی هێزە ئەمنییەکانەوە دەسڕێژی لێ کرا. دوای ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکە، هێزە ئەمنییەکان شوێنی ڕووداوەکەیان گەمارۆ دا و پاشان سەرنشینان و خودی ئۆتۆمبێلەکەیشیان گواستەوە بۆ ناوەندی سوپای پاسداران لە شاری مەریوان».