ماوەیەک لەمەوپێش هێزە ئینتیزامییەکان لە ناوچەی «یولەگەردی»ی شاری شووتی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کەوتنە دوای ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی جەعفەر میرزایی و دەسڕێژی گوللەیان لێ کرد کە بووە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە. لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتیی ئەفغانستانیی ناو ئۆتۆمبێلەکە دەسبەجێ گیانیان لە دەست دا و شۆفێرەکەیش دوای چەند حەفتەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ماکۆ بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٧ی دیسامبەری ٢٠٢٥) هێزە ئینتیزامییەکان لە ناوچەی «یولەگەردی»ی شاری شووت بۆسەیان بۆ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی جەعفەر میرزایی داناوە و هاوکات هەم دەسڕێژیان لێ کردووە و هەم بزماریان ڕژاندووەتە سەر ڕێگاکەی. هەر بۆیە تایەی ئۆتۆمبێلەکە تەقیوە و لە جادەکە لای داوە، لە ئەنجامدا سێ سەرنشینی خەڵکی ئەفغانستان کە بەتەمای کۆچکردن بۆ ئەورووپا بوون گیانیان لە دەست دا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، شۆفێرەکەیش بە سەختی بریندار بووە و گوازراوەتەوە بۆ خۆی و بۆ ماوەی دوو حەفتە لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکاندا خەوێنراوە، دواجار ڕۆژی هەینی ٢٨ی سەرماوەز (١٩ی دیسامبەر) بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەکە لە کۆتاییدا زیادی کرد: «جەعفەر میرزایی باوکی دوو منداڵ و خەڵکی شاری شووت بوو، بەڵام تا ئێستا لەسەر ناسنامەی سێ هاووڵاتییە گیانبەختکردووەکەی ئەفغانستان هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە».