لە درێژەی شەپۆلی نوێ و بەربڵاوی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا کە لە حەفتەی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە، لە خۆپیشاندانەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی شارەکانی کووهدەشت و نوورئاباد (دولفان)ی پارێزگای لوڕستاندا، لانیکەم دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی ئەمیرحیسام خودایاریفەرد و ئەحەد ئیبراهیمپووری عەبدولی کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران و گیانیان بەخت کرد. هەروەها دەیان هاووڵاتی بریندار بوون و دەیانی دیکەیش لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە لەم شارانەدا دەستبەسەر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کووهدەشت بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەمیرحیسام خودایاریفەرد، هاووڵاتیی ٢٢ ساڵانی یارسان و دانیشتووی کووهدەشت کە ڕۆژی ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣١ی دیسامبەری ٢٠٢٥) بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی بەخت کردبوو، ڕۆژی هەینی ١٢ی بەرفرانبار (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە گۆڕستانی «داوود ڕەشید»ی  ئەم شارە و بە ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵک بەڕێوە چوو».

 بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەشدرابوانی ڕێوڕەسمەکە هێزەکانی سوپای پاسدارانیان لە شوێنی ئەسپەردەکردنەکە ڕاو ناوە و ماوەی چەند کاتژمێرێک گرژی و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵکی ناڕازی و هێزەکانی سوپای پاسداراندا ڕووی داوە.

سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد: «ئەگەرچی ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکان وتبوویان ئەم هاووڵاتییە ئەندامی هێزەکانی بەسیج بووە، بەڵام باوکی لە ڕۆژی ناشتنی کوڕەکەیدا ئەو دەنگۆیەی بە درۆ خستەوە و ڕایگەیاند کوڕەکەی بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە. سوپای پاسداران لافیتەیەکی سەرەخۆشییان لە بەردەرگای ماڵەکەیاندا هەڵواسیبوو بەڵام بنەماڵەکەی لافیتەکەیان داگرت و خەڵکیش هێزەکانی سوپای پاسدارانیان لە شوێنی ئەسپەردەکردنەکە کردە دەرەوە».

هەر بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دەیان هاووڵاتی لەم شارەدا بە چەکی ساچمەزەن بریندار کراون کە زۆربەیان لە ترسی دەستبەسەربوون هەر لە ناو ماڵەکاندا و بە یارمەتیی خەڵکی خۆبەخش دەرمان دەکرێن و چارەسەر وەردەگرن.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری نوورئاباد (دولفان) هەواڵی کوژرانی هاووڵاتییەکی ئەم شارەی لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا پشتڕاست کردەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە بولواری ئازادی نوورئاباددا، هاووڵاتییەکی ٣٠ ساڵان بە ناوی ئەحەد ئیبراهیمپووری عەبدولی کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران و فیشەک بەر دڵی کەوت و دەسبەجێ گیانی بەخت کرد.

هێزە ئەمنییەکان تەرمی ئەو هاووڵاتییەیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیبنی سینای ئەم شارە و تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە کە خۆیشی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ڕابردوودا بە چەکی ساچمەزەن بریندار بووە، لە درێژەدا زیادی کرد: «هێزەکانی سوپای پاسداران بە چەکی ساچمەزەن و کڵاشینکۆف دەسڕێژیان لە خۆپیشاندەران دەکرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتی بریندار بوون».

هەر بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان کە لە ڕۆژی ڕابردووەوە خۆپیشاندەرانیان دەستنیشان دەکرد، دوێنێشەو هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکانیان و دەیان کەسیان دەستبەسەر کرد، هەندێ کەسیش لە ترسی دەستبەسەرکردن شارەکەیان بەجێ هێشتووە.