لە دەسپێکی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تا ئێستە لانیکەم سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئەمیرحیسام خودایاریفەرد، ئەحەد ئیبراهیمپووری عەبدولی و عەلی عەزیزی لە شارەکانی کووهدەشت و نوورئابادی لوڕستان و هەرسینی کرماشان بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. هەروەها زیاتر لە ٧٠ هاووڵاتی هەر بە دەسڕێژی چەکی ساچمەزەن و کڵاشینکۆفی ئەو هێزانە کە هێزەکانی یەکەی تایبەت و بەسیج دەگرێتەوە، بریندار بوون. سەدان هاووڵاتییش لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی کووهدەشت، نوورئاباد، هەرسین، دەڕەشار، ئاودانان، ئیلام، کرماشان، ئەسفەراین و تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ هەندێ شوێنی نادیار. هەروەها لانیکەم دوو هاووڵاتی کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستبەسەر و دواتر ئازاد کرابوون، ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی دەستبەسەربووندا لە لایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە ڕووبەڕووی هەراسانکردن و ئازاری سێکسی بوونەتەوە.

بەپێی وتووێژەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک شایەتحاڵی مەیدانی و خۆپیشاندەر لە هەندێ لە شارەکاندا، لەوانە کووهدەشت، نوورئاباد، هەرسین، دەڕەشار، بۆجنوورد، سەراوڵە و ئیلام، ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی ئەم شارانەدا خۆپیشاندانی ناڕەزاییانەی بەربڵاو بەڕێوە چووە.

هێزەکانی یەکەی تایبەت و بەسیجی سوپای پاسداران لەم شارانەدا بە گازی فرمێسکڕێژ، چەکی ساچمەزەن و تەنانەت چەکی جەنگی دەسڕێژیان لە خۆپیشاندەران کردووە و دەوترێت دۆخی ئەو شارانە ئەمڕۆ شەممە ١٣ی بەفرانبار (٣ی ژانڤییە) بەتەواوی ئەمنییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەرسینەوە لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوژرانی خۆپیشاندەرێکی خەڵکی ئەم شارەدا بە ناوی عەلی عەزیزی لە ڕۆژی ڕابردوودا، وتی: «لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤دا (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) عەلی عەزیزی بە دەسڕێژی هێزەکانی بەسیجی سوپای پاسداران گیانی بەخت کرد. ڕاگەیاندنەکانی سەر بە سوپای پاسداران وەکوو هەمیشە بە سیناریۆسازی هەوڵیان داوە بڵێن ئەم هاووڵاتییە ئەندامی بەسیج بووە، بەڵام شایەتحاڵە مەیدانییەکان جەخت دەکەنەوە کە لە ڕیزی خۆپیشاندەراندا بووە و بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە».

کەسێکی نزیکی ئەم هاووڵاتییە گیانبەختکردووەیش لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکەی سوپای نەبیی ئەکرەمی کرماشان و بانگەشەی ئەندامبوونی عەلی عەزیزی لە هێزەکانی بەسیجدا، بنەماڵەکەی خراونەتە بەر گوشارەوە تاکوو بڵێن کوڕەکەیان ئەندامی بەسیج بووە و بە دەستی خۆپیشاندەران کوژراوە. وا بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە ١٣ی بەفرانبار (٣ی ژانڤییە) تەرمی ئەم گیانبەختکردووە بە خاک بسپێردرێت، بەڵام تا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش بە شێوەیەکی بەربڵاو لە شەقامەکانی هەرسیندا جێگیر کراون».

دۆخی شەڕ لە هەرسیندا؛ گازی فرمێسکڕێژ و چەکی شەڕ

پێشتر سوپای پاسداران لە سیناریۆسازییەکی هاوشێوەدا ڕایگەیاندبوو کە ئەمیرحیسام خودایاریفەرید، لە گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانەکانی کووهدەشت، ئەندامی بەسیج بووە، بەڵام ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانبار (٢ی ژانڤییە) باوکی ڕایگەیاند کوڕەکەی ئەندامی بەسیج نەبووە. هاوکات بەشداربوانی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەم هاووڵاتییە لە گۆڕستانی «داوود ڕەشید»ی کووهدەشت هێزەکانی سوپای پاسدارانیان لە شوێنی ڕێوڕەسمەکە راو نا و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و ئەو هێزانەدا ڕووی دا. هەروەها سوپای پاسداران لافیتەیەکی سەرەخۆشیی لە بەردەرگای ماڵەکەیاندا هەڵواسیبوو، بەڵام بنەماڵەکەی لافیتەکەیان داگرت.

هاوکات هێزەکانی سوپای پاسداران، پۆلیسی ئەمنییەت و وەزارەتی ئیتلاعات لە شارەکانی کووهدەشت، نوورئاباد، هەرسین، دەڕەشار، کرماشان، ئاودانان، ئیلام و سەراوڵە سەدان هاوڵاتییان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە. بنەماڵەی هەندێ لەم هاووڵاتیانە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایانگەیاند هەموویان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون و بنەماڵەکان هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی منداڵەکانیان بەردەست نەکەوتووە.

هەروەها لانیکەم دوو هاووڵاتی، لەوانە منداڵێک، کە لە خۆپیشاندانەکانی کرماشاندا دەستبەسەر و دواتر ئازاد کرابوون، ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی دەستبەسەربووندا لە لایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە ڕووبەڕووی هەراسانکردن و ئازاری سێکسی بوونەتەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەروەها زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لانیکەم ٦٠ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی شارە جیاوازەکانی پارێزگای ئیلام ڕەوانەی دەستبەسەرگەی کاتیی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراون. ئەم هاووڵاتیانە لە حەوشەی دەستبەسەرگەکەدا لە لایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە ئەشکەنجە دراون و تا ئێستا لە مافی پێوەندیکردن بە بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێیشەوە ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسانی بەشی پاراستن و پشکنینی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە سەردانی بەندی زیندانیانی سیاسییان کردووە و ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی دۆخی تایبەتی ئێرانەوە پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی بە بەندکراوانی سیاسی بۆ ماوەی سێ مانگ ڕاگیراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی ناونیشانی ٨٠ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو، لەوانە ١١ منداڵ، پشتڕاست بکاتەوە کە لە درێژەدا ناوەکانیان بەپێی بەرواری دەستبەسەرکردنیان بڵاو دەکەینەوە، ئەم پێرستە نوێ دەکرێتەوە.

١٠ی بەرفرانباری ١٤٠٤ (٣١ی دیسامبەری ٢٠٢٥)

دێلوڕان

عەلیڕەزا ڕەحمانی، ئەکبەر دەروێشی، عیرفان فەرەهمەند، عارف دەروێشی، محەممەد هەواسی، عەلیڕەزا ساڵحی، ئەمیرڕەزا ڕەحمانی، سێپێهر ساڵحی، فەرزاد شوکری، ئەبولفەزل شادفەر، میلاد کیادی، سەجاد ئازاد، عەبدوڵڵا ئازاد، ئێحسان مەلیکی، ئەمیر ڕەووفی، شایان موئمینی، ئومێد مەلیک‌محەممەدی، یەزدان بەختی، شەریف ئازاد، ئەمیرحسەین عەلیزادە، فەردین ئاقایی، ئەبولفەزل جامخانە، کووروش نووری (منداڵی ١٥ ساڵان)، عەلیڕەزا موئمینی

دەڕەشار

محەممەد حەسەنوەند، بیژەن کەریمیان

ئاودانان

ئەبولفەزل زارعی (منداڵ)، فەردین حاتەمی (منداڵ)، ڕەزا خەسرەوی (منداڵ)، محەممەدجەواد زارعی (منداڵ)

تاران

ئیمان عەلیمورادی (خەڵکی ئاودانان)

کرماشان

میلاد شیرازی، یوونس جەمشیدی، نەوید ڕوستەمی

هەرسین

ڕەحمان ئازەرەنگ، سەجاد کاکایی، شاپوور ڕەشیدی، مەهدی بالی، محەممەدمەهدی کەرەمی (منداڵی ١٧ ساڵان)، محەممەد سادقی (منداڵی ١٧ ساڵان)، ئەمیر هاشمی، مەهدی کاکاوەند، مەهدی بوداقی، عەلیڕەزا فەتحی، ڕەحیم محەممەدوەلی، محەممەد سەیفی، محەممەدڕەزا دەوڵەتیاری

شاباد

فەردین ئەحمەدی

١٢ی بەفرانبار (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٦)

دێلوڕان

ئیلیا قاسمی (منداڵ)، ڕەزا سەیفی (منداڵ)، ئەرشیا جەوشەن (منداڵی ١٧ ساڵان)، ئومێد بەیرانوەند

دەڕەشار

شایان ئەسڵ‌ مەرز، ئەبولفەزل قاسمی، ستار زەیدی، ڕەزا حەیدەری، سامان غوڵامی، پەیمان حەسنوەند، ئەمین شوکریپوور، شەهرووز شوکریپوور

ئاودانان

ئومێد ناسری

کرماشان

مەهسا زارعی

سەرپێڵی زەهاو

مەسعوود ئاقایی، عەسکەر نەجەفی، مەهدی کەریمی، جەبار جەمشیدی، ئێسفەندیار سرووری، قائیم بەدری، ئەحەد مورادی

هەرسین

نوورەدین مووسازادە، زاهید ئەفشاری، یووسف کاکاوەند، یووسف سەفەری

شاباد

مەسعوود بێنیاز

ئەسفەراین

عیسا شەکووری، ئارین حەیدەری، عەلی قەویدڵ، پەیمان میرزایی، عەباس بیدی

١٣ی بەفرانبار (٣ی ژانڤییە)

دەڕەشار

محەممەدتاها زەینیوەند (منداڵی ١٧ ساڵان)