لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەمڕۆ لە شاری مەلەکشایی ئیلامدا لانیکەم چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ڕەزا عەزیمزادە، فارز ئاقامحەممەدی، محەممەد بزوەنە و مەهدی ئیمامیپوور بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان بەخت کرد. لانیکەم ٣٠ کەسی دیکەیش بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەم شارە و هەروەها نەخۆشخانەی خومەینیی ئیلام کراون کە بە گوێرەی زانیارییەکان هەندێکیان لە دۆخێکی ناجێگیر و مەترسیداردان.
دوو سەرچاوە لە شاری مەلەکشاییەوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایانگەیاند: «ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ناڕازی و خۆپیشاندەری مەلەکشایی لە بولواری فەرمانداریی ئەم شارە و لە کاتی تێپەڕین بە بەردەم بینای بەسیجی موقاومەتدا، کەوتنە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە. لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا لانیکەم چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی ڕەزا عەزیمزادە، فارز ئاقامحەممەدی، محەممەد بزوەنە و مەهدی ئیمامیپوور کوژران و زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکەیش بریندار بوون».
بە وتەی ئەو سەرچاوانە، دوای گواستنەوەی برینداران بۆ نەخۆشخانەکانی مەلەکشایی و ئیلام، پزیشکانی ئەو دوو ناوەندە پزیشکییە بانگەوازی بەپەلەیان بڵاو کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە پێویستیان بە خوێن و پزیشکی تایبەتمەند هەیە و نەخۆشخانەکان کەوتوونەتە دۆخێکی قەیراناوییەوە.
سەرچاوەکان هەروەها زیادیان کرد کە کەشێکی چری ئەمنی بەرسەر مەلەکشاییدا زاڵ کراوە و سەرباری جێگیرکردنی بەربڵاوی هێزەکانی یەکەی تایبەت و سوپای پاسداران لەسەر ڕێگاکانی نەخۆشخانەدا، خەڵک لە دەور ئەو ناوەندە پزیشکییە کۆ بوونەتەوە و بەجێی ناهێڵن. هێزەکانی یەکەی مۆتۆرسواریش چەندین جار هەوڵیان داوە بڕۆنە ناو نەخۆشخانەکەوە و برینداران دەستبەسەر بکەن، بەڵام ڕووبەڕووی بەرگریی خەڵک و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە بوونەتەوە.