ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری مەڵکشاییدا، هێزەکانی سوپای پاسداران لە بەردەم بینای بەسیجی موقاومەتدا بە چەکی شەڕ دەسڕێژیان لە خۆپیشاندەران کرد. ئەگەرچی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان شەوی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە چوار هاووڵاتی لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کوژراون، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی وردتر دەر کەوت کە تا ئێستە لانیکەم سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی لەتیف کەریمی، ڕەزا عەزیمزادە و مەهدی ئیمامیپوور گیانیان بەخت کردووە و زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکەیش بریندار بوون.

 چەند خۆپیشاندەرێک لە شاری مەڵکشایی لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ئاوایان گێڕایەوە: «ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) هەر لە کاتی دەسپێکردنی خۆپیشاندانەکەوە کەشێکی ئەمنی باڵی بەسەر شاردا کێشابوو. خەڵک بە وتنەوەی دروشم لە بولواری فەرماندارییەوە دەڕۆیشتن، کاتێک گەیشتنە بەردەم بینای بەسیج، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لە بەردەم بیناکەدا کۆ بوونەوە، بەڵام هێزەکانی ناو بنکەکە دەسڕێژیان لە خەڵک کرد».

بە وتەی ئەم هاووڵاتیانە، ژمارەیەکی زۆر هەر لەو شوێنەدا بریندار بوون و لە لایەن خەڵکەوە بۆ ئورژانسی شار گوازرانەوە، لانیکەم سیان لە برینداران بە ناوەکانی لەتیف کەریمی، ڕەزا عەزیمزادە و مەهدی ئیمامیپوور گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەکی دیکە لە برینداران بە هۆی سەختیی برینەکانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ئیلام کران. بە هۆی دۆخی ئەمنی و پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێتی پارێزگای ئیلامەوە سەرەتا وا ڕاگەیەنرا کە دوو کەسی دیکەیش بە ناوەکانی محەممەد بزوەنە (موقەدەسی) و فارز ئاقامحەممەدی بە هۆی سەختبوونی برینەکانیانەوە گیانیان لە دەست داوە، بەڵام سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە دەر کەوت کە ئەم هەواڵە ڕاست نییە.

سوپای پاسداران ڕۆی شەممە ١٣ی بەفرانبار (٣ی ژانڤییە) لە دووتوێی هەواڵێکدا لەسەر خۆپیشاندانەکانی مەڵکشایی ڕایگەیاندبوو کە ئەندامێکی ئەم دەزگا سەربازییە بە ناوی لەتیف کەریمی بە دەستی خۆپیشاندەران کوژراوە، بەڵام بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە و شایەتحاڵە مەیدانییەکان ئەو دەنگۆیەیان بەدرۆ خستووەتەوە و دەڵێن لە گرتەڤیدیۆییەکەیشدا بە ڕوونی دیارە کە لەتیف کەریمی کە ئەندامی خانەنشینی هێزە چەکدارەکان بوو، لە کاتی دەسڕێژەکەدا لە ناو جەماوەری خۆپیشاندەردا بووە و هەر لەوێ بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان بریندار بووە و لە لایەن خەڵکەوە گوازراوەتەوە بۆ ئورژانس، واتە لەتیف کەریمی یەکێک بووە لە خۆپیشاندەرانی مەڵکشایی.

هەروەها لەو پرسەنامەیەدا کە بنەماڵەکەی بڵاویان کردووەتەوە، هاوشێوەی پرسەنامەی ئەو دوو گیانبەختکردووەکەی تر ڕستەی «بە کامە تاوان» نووسراوە.

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایانگەیاند کە نیوەڕۆی یەکشەممە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەم هاووڵاتیانە بە بەشاریی بەرچاوی خەڵک و وتنەوەی دروشی دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چووە.

هەروەها دەوترێت دۆخی هەندێ لە بریندارانی ناو نەخۆشخانەی خومەینیی ئیلام خراپ و ناجێگیرە. شەوی ڕابردوو ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی یەکەی تایبەت بە مەبەستی ڕفاندنی برینداران هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەکە، بەڵام بنەماڵەی برینداران و خەڵکی شارەکە و فەرمانبەرانی نەخۆشخانەکە ڕووبەڕوویان بوونەوە و مۆڵەتی ئەو کارەیان پێ نەدان.

سەرچاوەکان لە کۆتاییدا زیادیان کرد: «لە ڕۆژی ڕابردووەوە دۆخی شارەکە بەتەواوی ئەمنییە و وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە شەو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خەڵک و هەندێ لە هاووڵاتی مەڵکشاییان دەستبەسەر کردووە».