لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکاندا بۆ سەر خۆپیشاندەران لە گەڕەکی جافرئاوای کرماشان، هاووڵاتییەک بە ناوی ڕەسوول کەدیوەریان گیانی بەخت کرد و ڕەزا کەدیوەریانی برایشی بە سەختی بریندار بوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کرماشانەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئێوارەی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شەقامی ئەرتەشدا لە گەڕەکی جافرئاوای کرماشان، هێزە ئەمنییەکان دەسڕێژیان لە خۆپیشاندەران کرد و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا هاووڵاتییەک بە ناوی ڕەسوول کەدیوەریان گیانی بەخت کرد. هاوکات برایەکیشی بە ناوی ڕەزا کەدیوەریان بە سەختی بریندار بووە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، تا ئێستە تەرمی ئەم هاووڵاتییە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و ڕەزا کەدیوەریانیش لە دۆخێکی ناجێگیر و خراپدایە. ڕەزا لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان لە کۆمادایە و خراوەتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە.
هەر ئێستە، یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٦)، خۆپیشاندانەکان بۆ دووەم شەو لە گەڕەکی جافرئاوای کرماشان بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکان بە چەکی شەڕ و ساچمەزەن تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن کە تا ئێستە بووەتە هۆی برینداربوونی زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی ئەم شارە.