ڕەزا کەدیوەریان کە ئێوارەی دوێنێ لە خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی جافرئاوای کرماشان بە دەسڕێژی هێزە چەکدارە ئەمنییەکان بە سەختی بریندار بووبوو، لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ئەم شارە گیانی لە دەست دا. ڕەسوول کەدیوەریانی برایشی شەوی ڕابردوو هەر بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان گیانی بەخت کردبوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم دوو برایە ئێوارەی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شەقامی ئەرتەشدا لە گەڕەکی جافرئاوای کرماشان بە دەسڕێژی چەکی شەڕی هێزە چەکدارە ئەمنییەکان بریندار بوون. ڕەسوول دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی گیانی لە دەست دا و ڕەزایش کە کەوتبووە حاڵەتی کۆماوە لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی ئەو نەخۆشخانەیە خرایە بەر چاودێریی چڕی پزیشکییەوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار (٤ی ژانڤییە) ڕەزا کەدیوەریانیش بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی بەخت کرد و تەرمەکەی گوازراوەتەوە بۆ ساردخانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانی. بەڵام تا ئێستە تەرمی ئەم دوو برایە ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی گیانبەختکردنی ڕەسوول کەدیوەریاندا ڕایگەیاندبوو لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی دیکە لە خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی جافرئاوای کرماشاندا بریندار بوون.
دەوترێت ڕەسوول کەدیوەریان لە کاتی کوژراندا تەمەنی ١٧ ساڵ بووە و ڕەزا کەدیوەریانیش ٢٠ ساڵی بووە و هەردووکیان کرێکار بوون، بەڵام تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا ئێستە نەیتوانیوە تەمەنی دروستی ئەم دوو برا گیانبەختکردووە پشتڕاست بکاتەوە.