لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی جافرئاوای کرماشان لە ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤دا (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) منداڵێکی ١٧ ساڵانی کورد بە ناوی ڕەزا قەنبەری کەوتووەتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران و گیانی بەخت کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵەدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕەزا قەنبەری مێرمنداڵێکی کرێکار بوو کە بەشداریی لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی جافرئاوای کرماشاندا کردبوو و نزیک کاتژمێر ٧ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە شەقامی ئەرتەشی ئەم گەڕەکە لە کاتێکدا کە هێزەکانی سوپای پاسداران هێرشیان کردە سەر خەڵکی خۆپیشاندەر، لە پشت و کەمەرەوە بە گوللەی شەڕ پێکرا و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان تەرمی خوێنینی ئەو مێرمنداڵەیان لەگەڵ خۆیان بردووە و تا ئێستە ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکردووەتەوە. هاوکات لە پرسەنامەکەیشیدا کە لە لایەن بنەماڵەکەیەوە بڵاو کراوەتەوە، کات و شوێنی ئەسپەردەکردنەکەی بۆ ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانبار (٥ی ژانڤییە) لە گوندی «جەبارئاوای سوفلا» لە ناوچەی بێڵەواری سەر بە کرماشان دیاری کراوە.

هێزە ئەمنییەکان هەروەها گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ڕەزا قەنبەرییان و هەڕەشەیان لێ کردوون کە دەبێ منداڵەکەیان وەکوو ئەندامی هێزەکانی بەسیج بناسێنن و ڕایبگەیەنن کە خۆپیشاندەران کوشتوویانە، بەڵام بنەماڵەکەی ملیان بە داواکاریی هێزە ئەمنییەکەیان نەداوە.

پێشتریش هەواڵی گیانبەختکردنی دوو برای کوردی یارسانی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی ڕەسوول و ڕەزا کەدیوەریان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی هەمان ڕۆژی گەڕەکی جافرئاوای ئەم شارەدا بڵاو کرابوویەوە.