فارس (موحسین) ئاقامحەممەدی، لە بریندارانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مەڵکشایی ئیلام، دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ئیلامدا بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا. هاوکات براکەیشی، موستەفا ئاقامحەممەدی، کە هەر لەو خۆپیشاندانەدا بریندار بووبوو، لە دۆخێکی زۆر خراپ و ناجێگیردایە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەررییەکانی شاری مەڵکشایی ئیلامدا لە لای سەرەوە پێکرا و دوای گوازرانەوە بۆ بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی خومەینیی ئیلام، بە ئاستی هۆشیاریی زۆر نزمەوە خرایە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، فارس ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەدا گیانی لە دەست دا، وا بڕیارە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە گۆڕستانی مەڵکشایی بەڕێوە بچێت.
خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری مەڵکشایی پارێزگای ئیلام ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کە لە بنکەی بەسیجی شارەکەدا جێگیر کرابوون. لەم سەرکوتە خوێناوییەدا سێ هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی ڕەزا عەزیمزادە، لەتیف کەریمی و مەهدی ئیمامیپوور کوژران و زیاتر لە ٣٠ کەسیش بریندار بوون.
ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەم سێ خۆپیشاندەرە گیانبەختکردووە ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵک و بەرزکردنەوەی دروشمی دژ بە حکومەتی ئێران بەڕێوە چوو.