محەممەدڕەزا کەرەمی، لە بریندارانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مەڵکشایی، دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی خومەینیی ئیلام گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم وەرزشکارە بۆکسۆرە ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری مەڵکشایی ئیلامدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران و بە گوللەی چەکی شەڕی ئەو هێزانە پێکرا. محەممەدڕەزا دوای گوازرانەوە بۆ بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی خومەینیی ئیلام، بە ئاستی هۆشیاریی زۆر نزمەوە خرایە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، محەممەدڕەزا کەرەمی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەدا گیانی لە دەست دا. وا بڕیارە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی محەممەدڕەزا و فارس ئاقامحەممەدی، بریندارێکی تری خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مەڵکشایی کە ئەویش دوێنێ بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دابوو، ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی بەفرانبار (٦ی ژانڤییە) لە گۆڕستانی مەڵکشایی بەڕێوە بچێت.

دەوترێت محەممەدڕەزا کەرەمی لە کاتی گیانبەختکردندا تەمەنی ١٦ ساڵ بووە، بەڵام تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا ئێستە نەیتوانیوە ئەم بابەتە پشتڕاست بکاتەوە و زانیاریی تەواو لەسەر تەمەنی بەدەست بهێنێت.

خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری مەڵکشایی پارێزگای ئیلام ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کە لە بنکەی بەسیجی شارەکەدا جێگیر کرابوون. لەم سەرکوتە خوێناوییەدا چوار هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی ڕەزا عەزیمزادە، لەتیف کەریمی، مەهدی ئیمامیپوور و فارس ئاقامحەممەدی کوژران و زیاتر لە ٣٠ کەسیش بریندار بوون.

ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەو سێ خۆپیشاندەرە گیانبەختکردووەکەی تر ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵک و بەرزکردنەوەی دروشمی دژ بە حکومەتی ئێران بەڕێوە چوو.