هاوکات لەگەڵ بەردەوامی و پەرەسەندنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا، زانیارییەکان باس لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن. هێڵەکانی ئینتەرنێت بەتەواوی لە لایەن حکومەتەوە داخراوە و تەنانەت ڕێگای پێوەندیی تەلەفۆنی لە وڵاتانی ترەوە بۆ ئێران بەستراوە، هەر بۆیە وەرگرتنی زانیاریی ورد سەبارەت بە ژمارەی گیانبەختکردوان بە شێوەیەکی بەرچاو سەختتر بووەتەوە.
سەرباری ئەمانەش، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی گیانبەختکردنی ژنێکی کورد بە ناوی ڕۆبینا ئەمینیان لە شاری تاران پشتڕاست بکاتەوە. بنەماڵەی ڕۆبینا ئەمینیان، خوێندکاری کۆلیژی تەکنیکیی شەریعەتیی تاران، خەڵکی شاری مەریوانی کوردستان و دانیشتووی شاری کرماشانن، خۆیشی بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا لە تاران دەژیا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆبینا ئەمینیان ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە نزیک زانکۆی بەهەشتیی تاران لە پشتەسەرەوە بە چەکی جەنگیی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان پێکراوە و دەسبەجێ گیانی بەخت کردووە.
ئەم سەرچاوەیە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «بنەماڵەی ڕۆبینا کاتێک بۆ ناسینەوەی تەرمی کچەکەیان چوونەتە نەخۆشخانەیەکی تاران، ژمارەیەک تەرمی زۆریان بینیوە کە زۆربەیان لاو بوون و هەرهەموویان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا بە دەستی هێزە چەکدارەکانی حکومەت کوژرابوون».
هەر بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دامودەزگا ئەمنییەکان سەرەتا نەیانهێشتووە تەرمەکەی ڕۆبینا بە بنەماڵەکەی بدرێتەوە، بەڵام دواجار بنەماڵەکەی توانیویانە بە نهێنی تەرمەکە لەو نەخۆشخانەیە بڕفێنن. ئەوان سەرەتا دەیانویست لە کرماشان ئەسپەردەی بکەن، بەڵام ژمارەیەکی زۆر هێزی ئەمنی بەر ماڵەکەیان گرتبوون و هاوکات فەوتنامەیشیان پێ نەدرابوو کە بۆ ناشتنی لە گۆڕستانی شاردا پێویستە. هەر بۆیە دواجار تەرمی ڕۆبینایان بردەوە بۆ گوندێکی مەریوان و لەوێ ئەسپەردەی خاکیان کرد. بەڵام نە لە کرماشان و نە لە مەریوان مۆڵەتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان پێ نەدرا.
ئەگەرچی چەندین ڕاپۆرتی دیکەمان لەسەر کوژرانی ژمارەیەک خۆپیشاندەری دیکە بەدەست گەیشتووە، بەڵام بە هۆی پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆنی دەرەوەی وڵاتەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە زانیاریی زیاتر لەسەر ژمارە و ناسنامەی گیانبەختکردوان بەدەست بهێنین.