لە بەردەوامیی شەپۆلی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا و هاوکاتیش پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن، ڕاپۆرتەکان کە لە شارەکانی کوردستان و لەوانە لە کرماشانەوە بە دەستمان دەگات، باس لە جێگیرکردنی بەربڵاوی هێزە تایبەتەکانی سوپای پاسداران و یەکەی تایبەتی هێزی ئینتیزامی لە شەقام و مەیدانە سەرەکییەکانی ئەم شارەدا دەکەن.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێگای وتووێژەوە لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی جیاواز لە کرماشاندا توانیویەتی ناسنامەی شەش کەسی دیکە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە خۆپیشاندانی گەڕەکەکانی ئیلاهییە، دەرەدرێژ، نەوبەهار و ڕەشیدیی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون، پشتڕاست بکاتەوە. ئەم هاووڵاتیانە بریتین لە ئەمیرعەلی حەیدەری ١٧ ساڵان، نەوید ساڵحی ٢٨ ساڵان و پەرستاری نەخۆشخانەی فارابی، بەیات سوبحانی ٤٠ ساڵان و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی شمشێری پاوە، هەروەها سەجاد فەیزی، محەممەد جەعفەری و عیرفان جامەشۆرانی.
فەرمانبەرێکی کەرتی تەندروستیی کرماشان لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا دۆخی ناوەندە پزیشکییەکانی ئەم شارەی بە «زۆر کارەساتبار» وێنا کرد و وتی ژمارەی گیانبەختکردوان زۆرزۆرە و دامودەزگا ئەمنییەکانیش گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر بنەماڵەکان و پێیان وتوون تەنها بە مەرجێک تەرمەکانتان پێ دەدەینەوە کە بەتەواوی بێدەنگیی لێ بکەن.
هاوکات بە گوێرەی هەندێ زانیاریی تر، لانیکەم شەش هاووڵاتیی کوردی دیکە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. ئەم شەش کەسە بریتین لە بورهان سویدی، خەڵکی گوندی یەنگیجەی سەڵماس، ئیبراهیم ئەحمەدپووریان خەڵکی سەقز و باوکی دوو منداڵ، عەلیڕەزا سەیدی ١٦ ساڵان و خەڵکی ئاودانان، محەممەد زەمانی خەڵکی ئەیوان و باوکی دوو منداڵ و هەروەها سەلام میرانی خەڵکی گوندی چشمیەری سەوڵاوا و باوکی سێ منداڵ.
ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی عەلیڕەزا سەیدی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار (١١ی ژانڤییە) بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵک و وتنەوەی دروشمی دژ بە حکومەت لە ئاودانانی ئیلام بەڕێوە چوو، هێزە ئەمنییەکانیش بە چەکی جەنگی تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خەڵکەکە کردووە.
جیا لەم کەسانە، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ناونیشانی چەندین هاووڵاتیی کوردی دیکەی بەدەست گەیشتووە کە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاران و خوراساندا کوژراون، بەڵام بە هۆی پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆنەوە تا ئێستایش پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکان و کۆکردنەوەی زانیارییەکانی ئەم هاووڵاتیانە نەگەیشتووەتە ئەنجامی تەواو و هەوڵەکانمان هەر درێژەی هەیە.
بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە سەرەتای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانەوە تا ئێستا لانیکەم ٢٨ هاووڵاتیی کورد بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی کووهدەشت و نوورئابادی دولفانی پارێزگای لوڕستان، مەڵکشایی پارێزگای ئیلام، کرماشان و هەرسینی پاڕێزگای کرماشان، تارانی پارێزگای تاران و چنارانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی کوژراون.