لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شابادی کرماشاندا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ناڕازی بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەکی جەنگی و ساچمەزەن کراونەتە ئامانج.

بە گوێرەی هەندێ ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراوە، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) ژمارەیەک خۆپیشاندەر بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون، ناونیشانی هەندێ لە گیانبەختکردوان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە بەڵام بە هۆی پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆنەوە هێشتا نەمانتوانیوە بەتەواوی پشتڕاستیان بکەینەوە، هەر بۆیە ئەو ناو و زانیاریانە بڵاو ناکەینەوە.

یەک لە برینداران بە ناوی ئەمیر عەلی جەلیلیان کە تەمەنی ٦٥ ساڵە، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) کەوتووەتە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەن و بە دەیان گوللەی ساچمە بەر سەر و جەستەی کەوتووە، لەو کاتەوە تا ئێستە لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی شاباد لە حاڵەتی کۆمادایە.

دەوترێت دامودەزگا ئەمنییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە تاکوو بڵێن حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان تەقەیان لێ کردووە.

هەروەها لە ڕاپۆرتێکی تردا باس لەوە دەکرێت کە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە دەسپێکی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانەوە چەندین جار، بەتایبەت ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار (٨ی ژانڤییە)، هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەی شاباد و هەوڵیان داوە بریندارانی خۆپیشاندانەکان بڕفێنن و دەستبەسەریان بکەن. هەر بۆیە زۆربەی بنەماڵەکان، برینداران و تەنانەت تەرمی بێگیانی گیانبەختکردوانیان بە نهێنی لە نەخۆشخانەکە بردووەتە دەرەوە تاکوو نەکەونە دەستی هێزە ئەمنییەکان.