تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوخۆی ئێراندا وتووێژی کردووە و توانیویەتی کوژرانی سێزدە هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی گوڵاڵە مەحموودی‌ئازەر، زەهرا مورادی، عیرفان عەلیزادە، پوویا ڕوستەمی، کەیوان ڕەزایی، حسەین شێرکۆڵ، سیاوەش شێرزاد، ڕێبین مورادی، ئەردەشیر زارعی، عەلی عەباسی، سەیدمیلاد حسەینی، محەممەد سەیدی و ئەمیرعەلی جەلیلیان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی پارێزگاکانی ئیلام، تاران، ئەلبورز، مەرکەزی، کرماشان و ئێسفەهان پشتڕاست بکاتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاباد، ئەمیر عەلی جەلیلیان، ٦٥ ساڵان، کە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) دەیان گوللەی ساچمە بەر سەر و جەستەی کەوتبوو و لە حاڵەتی کۆمادا بوو، ڕۆژی ڕابردوو ٢٤ی بەفرانبار (١٤ی ژانڤییە) بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی بەخت کردووە.

لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە شارەکانی پارێزگای تاراندا، عیرفان عەلیزادە ٢٤ ساڵان و خەڵکی شاری لوماری ئیلام، زەهرا مورادی خەڵکی بۆکان، گوڵاڵە مەحموودی‌ئازەر ٢٨ ساڵان و خەڵکی مەهاباد، سیاوەش شێرزاد خەڵکی بۆکان، ڕێبین مورادی منداڵی ١٧ ساڵان و خەڵکی سەلاسی باوەجانی و یاریزانی تیپی فوتباڵی مێرمنداڵانی سایپا، سەیدمیلاد حسەینی هاووڵاتیی کوردی یارسان و عەلی عەباسی ١٨ ساڵان و خەڵکی گیەڵانی کرماشان گیانیان بەخت کردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، هەندێ بنەماڵە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی منداڵە گیانبەختکردووەکانیان ناچار کراون تا بڕی یەک میلیارد تمەن پارە بە حکومەت بدەن. لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی زۆربەی ئەم گیانبەختکردوانە لەژێر چاودێریی توند و گوشاری ئەمنیی حکومەتدا لە زادگەکانی خۆیان بەڕێوە چووە. هەروەها لە هەندێ حاڵەتدا بنەماڵەکان هەڕەشە و گوشاریان خراوەتە سەر تاکوو بڵێن خۆپیشاندەران منداڵەکانی ئێمەیان کوشتووە.

هەروەها ئەردەشیر زارعی، هاووڵاتیی یارسانی خەڵکی داڵاهۆ و دانیشتنی ساوە، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری ساوەدا بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان گیانی بەخت کرد. وا بڕیارە ئەمڕۆ ٢٥ی بەفرانبار (١٥ی ژانڤییە) ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی لە گوندی «دەرویت»ی داڵاهۆ بەڕێوە بچێت.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکان، حسەین شێرکۆڵ، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی زەڕینئابادی دێلوڕان لە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئێسفەهاندا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی بەخت کردووە. تەرمەکەی دوای پێنج ڕۆژ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و ڕۆژی ٢٤ی بەفرانبار (١٤ی ژانڤییە) ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی لە شاری زەڕینئاباد بەڕێوە چوو.

هاوکات سەرچاوەیەک لە کرماشان ڕایگەیاند کە کەیوان ڕەزایی، هاووڵاتیی یارسانی خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی چەکی جەنگیی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی بەخت کردووە.

هەروەها بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی پێمان گەیشتووە، محەممەد سەیدی، هاووڵاتیی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو و دانیشتووی کەرەج، ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کەرەجدا بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان گیانی بەخت کردووە. تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر وەرگرتنەوەی تەرمەکە و ئەسپەردەکردنی بەردەست نەکەوتووە.

سەرچاوەیەکیش لە ئیلامەوە هەواڵی گیانبەختکردنی پوویا ڕووستەمیی لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا پشتڕاست کردەوە، پوویا کە خەڵکی گوندی «کەڵەکەبوود»ی ئیلام بوو، کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد.

بەپێی ئامار و زانیارییە کۆکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستە لانیکەم ٤٥ هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێراندا بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان گیانیان بەخت کردووە. پێویستە جەخت بکەینەوە کە بە هۆی ئاستی بەرزی سەرکوت و کۆمەڵکوژی و هاوکاتیش پچڕانی ئینتەرنێت و هێڵەکانی تەلەفۆنەوە، بەتایبەت پێوەندیگرتن لە دەرەوە، ئەم ئامارانە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی پشتڕاستیان بکاتەوە. بە گوێرەی زانیاری و ڕاپۆرتەکان بە داخەوە ژمارەی ڕاستەقینەی گیانبەختکردوان زۆر لەمە زیاترە.