تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێگای وتووێژەوە لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئێراندا، گیانبەختکردنی پێنج هاووڵاتیی کوردی دیکەی، لەوانە منداڵێک، بە ناوەکانی محەممەدڕەزا عەبدوڕەحمانزادە، یاسین ئیلاهی، مەیسەم نەزەری، حەسەن فەللاحی و ئێلهام زەینەلی، لە شارەکانی کرماشان، تاران و شاری ڕەی پشتڕاست کردەوە.

بەم شێوەیە ژمارەی ئەو هاووڵاتییە کوردە گیانبەختکردوانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی تا ئێستا ناو و زانیارییەکانیان تۆمار بکات، گەیشتە ٥٨ کەس کە ٦ کەسیان منداڵ بوون.

بە هۆی سەرکوتی قورس و کوشتاری بێوێنەی خۆپیشاندەران لە لایەن حکومەتەوە و هەروەها پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەم حەفتانەی دواییدا، ئەم ژمارەیە تەنها ئەوانەن کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە و وتووێژ و وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە پشتڕاستیان بکاتەوە، هەر بۆیە بێگومان ئەم پێرستە هەموو هاووڵاتیانی گیانبەختکردووی خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار ناگرێتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ژمارەی هاووڵاتیانی گیانبەختکردووی خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار به هەزاران کەس دەخەمڵێنرێت، لە کۆی ئەم کەسانە سەدان کەسیان خەڵکی شارە جیاوازەکانی کوردستان یان هاووڵاتیانی کوردی دانیشتووی شارەکانی دیکەی ئێرانن کە بە دەستی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پێمان گەیشتووە، چەند بنەماڵەیەک بۆ وەرگرتنی تەرمی منداڵەکانیان ناچار بوون تا بڕی یەک میلیارد تمەن پارە بدەن. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی زۆربەی ئەم گیانبەختکردوانە لە ڕۆژانی ڕابردوو و لەژێر چاودێری و گوشاری ئەمنیی حکومەتدا لە زادگەکانیان بەڕێوە چووە. هەروەها لە هەندێ حاڵەتدا زەختێکی زۆر خراوەتە سەر بنەماڵەکان تاکوو خۆپیشاندەران وەکوو بکوژی منداڵەکانیان ڕابگەیەنن.

لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا ناسنامە و زانیاریی ئەو پێنج گیانبەختکردووە (ناو، تەمەن، شوێنی ژیان و شێوازی کوشتنیان) کە بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان پشتڕاست کراوەتەوە، بڵاو دەکەینەوە.

محەممەدڕەزا عەبدوڕەحمانزادە، منداڵی ١٦ ساڵانی خەڵکی گوندی «پتەویەر»ی سەڵماس، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا. تەرمەکەی سەرەتا برایە شاری قوم و ڕۆژی ٣٠ی بەفرانبار (٢٠ی ژانڤییە) ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

یاسین ئیلاهی، هاووڵاتیی ١٨ ساڵانی خەڵکی گوندی «ئاوهەنار»ی شاری ئاوادانان، ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری ڕەیدا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا. تەرمەکەی لە گۆڕستانی «ئیبنە بابوویە»ی ئەم شارە ئەسپەردەی خاک کرا.

مەیسەم نەزەری، هاووڵاتیی ٢٠ ساڵانی یارسان و خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا و بنەماڵەکەی دوای پێدانی بڕی ٧٠٠ میلیۆن تمەن پارە توانییان تەرمەکەی وەربگرنەوە. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ڕۆژی ٢٧ی بەفرانبار (١٧ی ژانڤییە) لە گۆڕستانی گوندی «عەلی باقر»ی ناوچەی جەلالوەندی کرماشان بەڕێوە چوو.

حەسەن فەللاحی، هاووڵاتیی لاوی یارسان و خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی ئیلاهییەی ئەم شارە و لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکاندا گوللە لە پشتەوە لێی دا و گیانی بەخت کرد. هێزە ئەمنییەکان نەیانهێشت تەرمەکەی لە شاری کرماشان ئەسپەردە بکرێت، هەر بۆیە بنەماڵەکەی بە ناچار لە گوندەکەی خۆیاندا، «سەرائیلانی تەوەخاکی» سەر بە شاری کرماشان، ئەسپەردەیان کرد. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار (١١ ژانڤییە) بەڕێوە چوو و سەرەڕای زاڵکردنی کەشێکی ئەمنیی چڕ، بەشداربوان دروشمی دژ بە حکومەتیان بەرز کردەوە.

ئێلهام زەینەلی، سۆپەروایزەری نەخۆشخانەی ئیمام عەلیی کرماشان، ڕۆژی ١٨ یان ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ یان ٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی ئیلاهییەی ئەم شارە و لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکاندا گوللە بەر کەمەر، زگ و منداڵدانی کەوت و بریندار بوو. دوای ئەوەی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ کرا، بەڵام بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی بەخت کرد. تەرمەکەی ڕۆژی ٢٣ی بەفرانبار (١٣ی ژانڤییە) لە گۆڕستانی «باغ فیردەوس»ی کرماشان ئەسپەردەی خاک کرا. ئێلهام زەینەلی لە ناو هاوکاران و نەخۆشەکاندا کەسێکی خۆشناو بوو و ئەرکی بەخێوکردنی دایکە بەساڵاچووەکەیشی لە ئەستۆی خۆی بوو.