تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێگای وتووێژەوە لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئێراندا، گیانبەختکردنی ٧ هاووڵاتیی کوردی دیکەی بە ناوەکانی محەممەدئەمین سەلامی، ئومێد شوجاعیان، ڕەسوول چەقاکەبوودی، مێلیکا دەستیاب، سەعید تەروەند، محەممەدمەهدی بەدری و میلاد ئەتمانی، لە شارەکانی کرماشان، تاران، کەرەج و ئابادان پشتڕاست کردەوە.

بەم شێوەیە ژمارەی ئەو هاووڵاتییە کوردە گیانبەختکردوانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی تا ئێستا ناو و زانیارییەکانیان تۆمار بکات، گەیشتە ٦٥ کەس کە ٦ کەسیان منداڵ بوون.

بە هۆی سەرکوتی قورس و کوشتاری بێوێنەی خۆپیشاندەران لە لایەن حکومەتەوە و هەروەها پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەم حەفتانەی دواییدا، ئەم ژمارەیە تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە و وتووێژ و وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە پشتڕاستیان بکاتەوە، هەر بۆیە بێگومان ئەم پێرستە هەموو هاووڵاتیانی گیانبەختکردووی خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار ناگرێتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ژمارەی هاووڵاتیانی گیانبەختکردووی خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار به هەزاران کەس دەخەمڵێنرێت، لە کۆی ئەم کەسانە سەدان کەسیان خەڵکی شارە جیاوازەکانی کوردستان یان هاووڵاتیانی کوردی دانیشتووی شارەکانی دیکەی ئێرانن کە بە دەستی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پێمان گەیشتووە، چەند بنەماڵەیەک بۆ وەرگرتنی تەرمی منداڵەکانیان ناچار بوون تا بڕی یەک میلیارد تمەن پارە بدەن. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی زۆربەی ئەم گیانبەختکردوانە لە ڕۆژانی ڕابردوو و لەژێر چاودێری و گوشاری ئەمنیی حکومەتدا لە زادگەکانیان بەڕێوە چووە. هەروەها لە هەندێ حاڵەتدا زەختێکی زۆر خراوەتە سەر بنەماڵەکان تاکوو خۆپیشاندەران وەکوو بکوژی منداڵەکانیان ڕابگەیەنن.

لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا ناسنامە و زانیاریی ئەو حەوت گیانبەختکردووە (ناو، تەمەن، شوێنی ژیان و شێوازی کوشتنیان) کە بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان پشتڕاست کراوەتەوە، بڵاو دەکەینەوە.

محەممەدئەمین سەلامی، هاووڵاتیی ٢٦ ساڵان و خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کرماشاندا بە هۆی دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە گوللە بەر سینگی کەوت و دەسبەجێ گیانی بەخت کرد. ئەم هاووڵاتییە چەند لقێکی دووکانی فرۆشتنی جلوبەرگی لە ناو شاری کرماشاندا هەبوو. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ڕۆژی ٢٣ی بەفرانبار (١٣ی ژانڤییە) لە گۆڕستانی «باغی فیردەوس»ی ئەم شارەدا بەڕێوە چوو.

ئومێد شوجاعیان، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی مەسکەنی کرماشان و لە کاتێکدا خەریکی داخستنی دووکانەکەی بوو، کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد.

ڕەسوول چەقاکەبوودی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ١٨ یان ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ یان ٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کەرەجدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد.

مێلیکا دەستیاب، هاووڵاتیی ٢١ ساڵانی یارسان، ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی موعەلیمی کرماشاندا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران و گیانی بەخت کرد. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار (١٠ی ژانڤییە) لە شاری داڵاهۆ بەڕێوە چوو.

محەممەدمەهدی بەدری، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان، ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی تەعاوەنی کرماشاندا بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران بریندار بوو و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی بەخت کرد. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار (١٠ی ژانڤییە) لە گۆڕستانی «باغی فیردەوس»ی ئەم شارەدا بەڕێوە چوو. سەرپەرشتیکردنی خوشکە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەی لە ئەستۆی ئەم گیانبەختکردووە بوو.

سەعید تەروەند، هاووڵاتیی ٢٣ ساڵانی خەڵکی مێهرانی پارێزگای ئیلام، ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری ئاباداندا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان گیانی بەخت کرد. تەرمەکەی دوای پێنج ڕۆژ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ڕۆژی ٢٣ی بەفرانبار (١٣ی ژانڤییە) لە زادگەکەیدا، گوندی «چاڵاب»ی مێهران، بەڕێوە چوو. ئەم گیانبەختکردووە وەکوو بەڵێندەری کۆمپانیای نەوت لە ئابادان کاری دەکرد و خێزاندار و خاوەنی منداڵێکی کەمتەمەن بوو.

میلاد ئەتمانی، هاووڵاتیی خەڵکی سەڵماس، لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاران لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بە سەختی بریندار بوو و پاشان دەستبەسەر کرا. بنەماڵەکەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەیانتوانیبوو هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەدەست بهێنن و هەموو هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی شوێنی دەستبەسەرکردنی بێئەنجام بوو. دواجار ڕۆژی ٣٠ی بەفرانبار (٢٠ی ژانڤییە) دامودەزگا ئەمنییەکان بنەماڵەکەیان بۆ تاران بانگهێشت کرد و تەرمەکەی میلادیان ڕادەست کردنەوە. تا ئێستا دیار نییە ئەم هاووڵاتییە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی بەخت کردووە یان بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە دوای دەسڕێژەکە کوژراوە.