تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێگای وتووێژەوە لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کرماشاندا، توانیویەتی گیانبەختکردنی ٧ هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی موهەننا دووکوشکانی، مەیسەم کۆرانیان، فەرزاد خەیردار و مەیسەم باقری لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦)ی ئەم شارەدا پشتڕاست بکاتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە کوردە گیانبەختکردوانەی تا ئێستا تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی ناو و زانیارییەکانیان تۆمار بکات، دەگاتە ٧٠ کەس کە ٢٤ کەسیان خەڵکی کرماشان بوون. بەڵام بە داخەوە ژمارەی ڕاستەقینەی گیانبەختکردوانی ئەم شارە کە یەکێک بوو لە ناوەندە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، زۆر زیاترە لەم ژمارەیە و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە تاکوو زانیاریی دروست و متمانەپێکراو لەسەر سەرکوتکارییەکانی ئەم شارە کۆ بکاتەوە.
بە وتەی سەرچاوە جیاوازەکان، زیاترین ڕێژەی کوشتنەکان لە کرماشاندا ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) ڕووی داوە. دوو سەرچاوەی ئاگادار ڕایانگەیاند کە بە لایەنی کەمەوە تەرمی ٧٠ خۆپیشاندەر تەنها بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی گوازراونەتەوە. ئەم کەسانە لە گەڕەکەکانی دەرەدرێژ، نەوبەهار، ئیلاهییە، بولواری تاقوەسان، ڕەشیدی و چەند گەڕەکێکی تردا بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا ناسنامە و زانیاریی ئەو چوار گیانبەختکردووە (ناو، تەمەن، شوێنی ژیان و شێوازی کوشتنیان) کە بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان پشتڕاست کراوەتەوە، بڵاو دەکەینەوە.
موهەننا دووکوشکانی، ١٨ ساڵان، ئێوارەی١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کرماشاندا بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی بەخت کرد. تەرمەکەی دوای حەفتەیەک ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ڕۆژی ٢٦ی بەفرانبار (١٦ی ژانڤییە) لە گۆڕستانی «باغی فیردەوس»ی ئەم شارەدا بەڕێوە چوو.
مەیسەم کۆرانیان، ئێوارەی١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بولواری تاقوەسانی کرماشاندا بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی بەخت کرد. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار (١١ی ژانڤییە) لە گۆڕستانی «دوروود فەرامان»ی ئەم شارەدا بەڕێوە چوو. مەیسەم چەند ڕۆژێک پێش گیانبەختکردنی هاوسەرگیریی کردبوو.
فەرزاد خەیردار، ٣٧ ساڵان و ئەندازیاری میکانیک، ئێوارەی١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کرماشاندا بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی بەخت کرد. تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر دانەوە و ئەسپەردەکردنی تەرمەکەی بەردەست نەکەوتووە.
مەیسەم قەنبەریڕاد، ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کرماشاندا بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی بەخت کرد.

