دوو هاووڵاتیی کوردی یارسان بە ناوەکانی بێهزاد عەباسیی گەورەجووبی و ماهان مەردانیی گڕسەدەفی ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ و ٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە بێهزاد عەباسیی گەورەجووبی، خەڵکی قەسری شیرین، ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد. تا ساتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر ڕادەستکردنەوە و ئەسپەردەکردنی تەرمی ئەم هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.

هەروەها سەرچاوەیەکی تر سەبارەت بە کوژرانی ماهان مەردانیی گڕسەدەفی ڕایگەیاند کە ئەم هاووڵاتییە خوێندکاری بەشی بەڕێوەبردنی پیشەسازیی زانکۆی شاهڕوود بوو و خۆی و بنەماڵەکەی دانیشتووی تاران بوون. ماهان ئێوارەی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی قودس (شەهرەکی غەرب)ی تاراندا لە پشتەوە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دایکی ماهان مەردانی کاتێک دەرگای ماڵەکە دەکاتەوە تەرمی خوێنینی کوڕەکەی دەبینێت. سەرباری شۆکبوون و پەژارەی قووڵی بنەماڵەکەی لە بینینی ئەو دیمەنە، کەچی هێزە ئەمنییەکان دەست بەسەر تەرمەکەدا دەگرن و سەرەتا دەیبەنە نەخۆشخانەیەک و لەوێیشەوە دەیگوازنەوە بۆ کەهریزەک.

ئەم سەرچاوەیە باسی داوای پارە بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەیشی کرد و وتی سەرەتا بۆ پێدانەوەی تەرمەکە داوای ٧٠٠ میلیۆن تمەنیان کرد، بەڵام بنەماڵەکەی لە بەرانبەریاندا وەستانەوە و ئامادە نەبوون ئەو بڕەپارەیە بدەن و ئەوانیش بە ناچار تەرمەکەیان پێ دانەوە. بەڵام هێزە ئەمنییەکان مۆڵەتیان بە گواستنەوەی تەرمەکە بۆ قەسری شیرین نەدا و بنەماڵەکەی بە ناچار بە چاودێری و کۆنترۆڵی توندی هێزە ئەمنییەکان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەم لە خزمانیان، ڕۆژی ٢٣ی بەفرانبار (١٣ی ژانڤییە) هەر لە تاران ئەسپەردەی خاکیان کرد.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا ئێستا ناو و زانیاریی ١٣ هاووڵاتیی کوردی یارسانی تۆمار کردووە کە لە ڕاپەڕینی بەفرانباردا لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران گیانیان بەخت کردووە.