خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی رۆژ و حەفتەکانی ڕابردووی شابادی کرماشان، بەتایبەت ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە شێوەی توند و خوێناوی سەرکوت کراوە. بە گوێرەی چەندەها ڕاپۆرت، دەیان هاووڵاتیی خۆپیشاندەر و ڕاپەڕیوی ئەم شارە کوژراون و ژمارەیەکی زیاتریش بریندار بوون. هاوکات شەپۆلێکی بەربڵاوی دەستبەسەرکردن شارەکەی گرتووەتەوە و تا ئێستایش درێژەی هەیە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێگای وتووێژەوە لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی متمانەپێکراودا، ناو و زانیاریی ١١ هاووڵاتیی کوردی شابادی پشتڕاست کردووەتەوە کە هەرهەموویان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان بەخت کردووە. ئەم هاووڵاتیانە بریتین لە: دوکتور سەجاد کیانی (پزیشکی ددان)، میلاد گەنجدۆست (٢٦ ساڵان و پەرستاری نەخۆشخانە)، جابر عەبدی (٢٠ ساڵان)، ڕەزا دەروێشی (٢٧ ساڵان)، میلاد فەڕوخی (باوکی دوو منداڵ)، مەسعوود سەهامی، نەوید میرزایی، ئەمیرحسەین نادری، جەواد نیازی، فەرشید شەکەرسوخەن و جەواد عەسکەری.

پێشتریش ناو و زانیاریی پێج هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی هولاکۆ ئەیوانی، ئەمیرعەلی جەلیلیان، شێرزاد باڵایی، فەردین فوولادی و ئەمیر نادری کە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاباددا گیانیان بەخت کردبوو، لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو کرابوویەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دامودەزگا ئەمنییەکان گوشاریان خستبووە سەر بنەماڵەی هەندێ لە گیانبەختکردوان تاکوو حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان وەکوو بکوژی خۆشەویستەکانیان ڕابگەیەنن. هەروەها لە ساتی دەسپێکردنی ڕاپەڕینەکەوە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان چەندین جار، بەتایبەت ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار (٨ و ٩ی ژانڤییە)، هێرشیان کردبووە سەر نەخۆشخانەی شاباد و هەوڵیان دابوو بریندارانی خۆپیشاندانەکان بڕفێنن و دەستبەسەریان بکەن. هەر بۆیە زۆربەی بنەماڵەکان، برینداران و تەنانەت تەرمی بێگیانی گیانبەختکردوانیان بە نهێنی لە نەخۆشخانەکە بردبووە دەرەوە تاکوو نەکەونە دەستی هێزە ئەمنییەکان.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری دیکە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا مۆڵەتی ئەسپەردەکردنی گیانبەختکردوان لە گۆڕستانی شاری شاباددا بە بنەماڵەکانیان نەدراوە و ناچار کراون تەرمی منداڵەکانیان لە گوندەکانی دەوروبەری شاباد ئەسپەردەی خاک بکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی بەفرانبار (١٠ و ١١ی ژانڤییە) ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەمیرحسەین نادری لە گوندی «زەوارەکۆ»، جەواد نیازی لە گوندی «بان گەنجاو»، نەوید میرزایی لە «ئیمامزادە حەسەن»، میلاد گەنجدۆست لە گوندی «سەید ئەیاز» و میلاد فەڕوخی لە  گوندی «وەنایی» بەڕێوە چووە. تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی گیانبەختکردوانی دیکە بەردەست نەکەوتووە.

هەروەها هەندێ ناو و زانیاریی دیکەیش بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە کە دەوترێت لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاباددا گیانیان بەخت کردووە و هەوڵ و لێکۆڵینەوەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانە درێژەی هەیە.