لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شارەکانی تاران و مەشهەددا دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان و قووچان بە ناوەکانی ئەحمەد خەزایی و ئەمیرحسەین قارداشی، منداڵی ١٥ ساڵان، بە دەسڕێژی چەکی جەنگیی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانیان بەخت کرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تارانەوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەحمەد خەزایی، هاووڵاتیی ٤٦ ساڵانی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شەقامی وەلیعەسری شەهریاری پارێزگای تاراندا کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی جەنگیی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوللە بەر ملی کەوت و گیانی بەخت کرد.» بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەکەی دوای ئاگاداربوونەوە لە ڕووداوەکە سەردانی ساردخانەی کەهریزەکیان کرد و تەرمەکەیان لە ناو تەرمی ژمارەیەکی زۆر لە گیانبەختکردوانی دیکەی ڕاپەڕینەکەدا دۆزییەوە. تەرمەکەی ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار (١١ی ژانڤییە) لە گۆڕستانی «بەهەشتی زەهرا»ی تاران ئەسپەردەی خاک کرا، ئەحمەد زگورت و خاوەنی سەرتاشخانە بوو.
هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەشهەدەوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەمیرحسەین قارداشی ئێوارەی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بولواری وەکیلئابادی مەشهەددا کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی جەنگیی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوللە بەر زگ و لاتەمووی کەوت و بە سەختی بریندار بوو. پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فارابیی ئەم شارە کرا و لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکاندا خەوێنرا. چەندین جاریش نەشتەرگەریی قورسی بۆ کرا، بەڵام دواجار ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (٣ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) بە هۆی سەختبوونی برینەکان و تەشەنەسەندنی ئیلتیهابەکان بە ناو هەموو لەشیدا گیانی بەخت کرد».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەمیرحسەین ١٥ ساڵی تەمەن بوو و تەنها ٦ ڕۆژ پێش ساڵڕۆژی لەدایکبوونی گیانی بەخت کرد. ئەمیرحسەین لەدایکبووی ٢٠ی ڕێبەندانی ١٣٨٨ (٩ی فێڤرییەی ٢٠١٠) و خەڵکی قووچانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بوو.